206 خێزانی دانیشتووی گوندێکی سنووری خوورماتوو ئاوارەی کەرکووک و کەلار بوون
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی گوتەی دانیشتووانی گوندی خدروەلی، لە قەزای خورماتوو، گوندەکەیان سیمای دیاری تەعریبی کۆن و نوێ و ئاوارەیی کوردە.
رژێمی بەعس لە ساڵی 1987 گوندەکەی خاپوور کرد و خەڵکەکەی ئاوارەی خورماتوو بوون. لە کۆڕەوی 1991یش زۆرینەی دانیشتووانی خدروەلی ئاوارەی قەزای دۆرەی پارێزگای سەلاحەدین بوون.
دوای رووخانی دەسەڵاتی سەدام حوسێن، گوندەکەیان ئاوەدان کردەوە، بەڵام دوای هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون و سوپای عێراقیش سەربازگەیەکی گەورەی تێدا دروستکردووە
لوقمان نازم، ئەنجوومەنی گوندی خدروەلییە، بە رووداوی گوت: "لەدوای 2017وە دوو کوڕم ژنیان هێناوە، من ئەگەر ئێستا ئاوارەنەبوومایە لە گوندەکەی خۆمان خانووم بۆ دەکردن، بەڵام ئێستا خانووەکە خۆشم تێیدا ناژیم."
ئێستا لە چواردەوری گوندەکە سەنگەر لێدراوە و دانیشتووانەکەی لە چوون و هاتنەوە، دەبێ بە رەزامەندی هێزە عێراقییەکان تێپەڕبن.
لە 21 ماڵی ئاوەدانی گوند، ئێستا 206 خێزانی ئاوارەی خورماتوو، کەرکووک و کەلارن. ئەوانەی نزیکن، رۆژانە دەگەڕێنەوە سەر زەوی و زارەکانیان.
ئەحمەد رەشید، یەکێکە لە جووتیارانی گوندەکە و دەڵێت، "خاوەنی ئەم خانووانە خۆیان لە کەلار، کرێچین، هەیە سولفەی خانووبەرەی راکێشاوە ئێستا دەبێت ساڵانە زیاتر لە ملیۆنێک بداتەوە بە حکومەت."
ئومێد عەلی، جووتیارێکی دیکەی گوندەکەیە باس لەوە دەکات کە "ئێمە لەدوای 16 ئۆکتۆبەرەوە ئەوەبوو کە رۆشتین، ئێستا هاتووینەتەوە خانووەکانیان لێ داگیرکردووین، ئێمە سێ خانوومان هەیە زۆربەی خانووەکانیان رووخاندووە، دیوارەکانیان رووخاندوون و کردوویانن بە گەراجی ئۆتۆمبێل."
پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا لە هەوڵدان سوپای عێراق بارەگەی لە چوار دەوری گوندەکە بکشێنێتەوە. کەریم شوکر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "ماوەیەک پێش ئێستا رۆشتینە لای فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی دیجلە بۆ ئەوەی هەموومان هەوڵ بدەین ئەو گوندە چۆڵبکەن، تائێستا نەگەیشتووینە بە ئەنجامی کۆتایی، ئەگەر ئەنجامێکی نەبێت لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی و لەگەڵ ئەرکانی سوپا قسە دەکەین بۆ ئەوەی گوندەکە بۆ دانیشتووانەکەی چۆڵبکرێت."
گوندی خدروەلی لە باشووری رۆژئاوای خوورماتوو و هاوسنووری داقووق هەڵکەوتووە. ناوچەیەک کە لە دوای هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەر زۆرترین زیان بەر گوندنشینانی کەوتووە و داواکاریی عەرەبی هاوردە و پشتیوانی سوپای عێراق، هەواڵی رۆژانەی ئەو ناوچانەن.