وردبینی لە مامەڵەی 'یەک فۆرم'ـی 60 هەزار خێزانی سنووری مادەی 140 دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی کەرکووکی مادەی 140 بەچڕی دەستیان بە کارکردن کردووە لە وردبیبیکردنی زیاتر لە 60 هەزار مامەڵەی خێزانی یەک فۆڕم، ئەوانەی کاتی خۆی لە گوندەکانیان دەرکران و لەنێو شار گیرسانەوە.
بەپێی بڕیاری لیژنەی باڵا حکومەت لە پلانیدایە قۆناخێکی قەرەبووکردنەوە بۆ ئەوانەش دەستپێبکات بەو پێیەی زەرەرمەندی سیاسەتی رژێمی بەعس بوونە.
ماڵی مامۆستا محەممەد لە گوندی حەساری گەورەی سەر بەپارێزگای کەرکووکە، دوای بڕیاری قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان ئەوان مامەڵەیان پێشکەشکرد، بەڵام بە بیانووی ئەوەی یەک فۆڕمن، واتە دوای دەرکردنیان لە گوندەکەیان هەر لەناو شاری کەرکووک نیشتەجێ بوونە، هیچیان پێ نەدراوە.
لە ساڵی 1963 بەدواوە چوار جار ماڵیان تاڵان کراوە و دەربەدەر کراون. دوایینجار لە ساڵی 1985 کە لە گوندەکەیان دەرکران ماڵ و خانوویان تەختی زەوی کرا.
قەدریە حەمید، دانیشتووی گوندی حەسارە و دەڵێت: "یەک شتمان پێ نەدراوە بڵێین لەجیاتی ئەم رمان و فەرهوودە، چوار بۆ پێنج جار ماڵمان فەوتاوە، لە رەحیماوا فەوتاوە، لە هەولێر فەتاوە، لێرە جێمانهێشت فەوتا، ژیانێکی چەرمەسەریمان بەسەر بردووە و بیست ساڵ لە کەرکووک کرێچی بووین."
محەمەد ئەمین، دانیشتوویەکی دیکەی گوندی حەسارە و دەڵێت: "هیچ قەرەبوویەکمان وەرنەگرتووە تائێستا، هەرکات دەچووین دەیانگوت ئێوە یەک فۆڕمن ناتانگرێتەوە، ئیتر وەک ئەوەی ئێستاش کورد چەندی لای ئەم حکومەتانە بێ رێزە."
نووسینگەی کەرکووک دەخوازن هەر کەس ئاوارەی یەک فۆڕمە، ئەگەر مامەڵەی لەلا نییە، مامەڵەکانیان پێشکەش بکەن.
کاکەڕەش سدیق، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی مادەی 140 دەڵێت: "هادی عامری لە قسەکردن و دانیشتنەکان باسی ئەوەی کرد و گوتی: "وردبینیم بۆ بکەن و بۆم جیابکەنەوە و بیهێننەوە. ئێمە بڕیار دەدەین، مەبدەئییەن رەزامەندییەکمان هەیە، ئیدی نازانم گەر پەشیمان نەبێتەوە یان پەشیمانی نەکەنەوە هەندێ لایەن."
ئاوارەبوون و دەبەدەرکردن بوونەتە بەشێک لە رۆتینیاتی ژیانی میللەتی کورد.
گەرچی کورد قەرەبووکردنەوە بە مافی خۆی دەزانێ، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدابێت وێڕای پێنەدانی قەرەبووەکەی، تەنانەت رەوایەتیی خاوەندارێتیی خاک و زەویشی پێ نادرێ.