رێواز فایەق: یەکێتی نەبووایە رەنگە کورد لەم هەڵبژاردنەدا ببووایە کەمینەیەکی زۆر بچووک

رووداو دییجیتاڵ

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی رایگەیاند، ئەوان لەگەڵ یەک لیستیدا بوون لە ناوچە دابڕێنراوەکان و بۆ ئەوەش چەندین جار داوایان لە لایەنەکان کردووە، بەڵام جگە لە حزبی شیوعی هیچ لایەنێک بە دەنگیانەوە نەهاتووە. دەشڵێت، "بۆیە ئێستا دەبێت بە دیار شکستی خۆیانەوە، خەریکی خۆخواردنەوە بن."
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 20-12-2023) رێواز فایەق، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە ناوچە دابڕێنراوەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "زۆر دوور نییە، هەر دوێنێ بوو، یەکێتی لەسەر ئاستی سەرۆکی حیزب، مەکتەبی سیاسی، تەنانەت مەڵبەند و ئۆرگانەکانی دیکەش، زیاتر لە چەند جارێک بە شێواز و شاندی جیا بە پێداگری و تکاکاریی زۆرەوە، یەک یەک لە دەرگای حیزبە سیاسییەکانی دا و داوای لێکردن، 'تکایە با یەک لیستمان هەبێت'."
 
بەگوتەی رێواز فایەق، یەکێتی ئامادەبووە سەبارەت بە شێوازی لیستە یەکگرتووەکە، دانانی کاندیدەکان و هەر مەرجێکی دیکەش، سازش بۆ حیزبە کوردستانییەکان بکات و دەشڵێت، "خەیاڵپڵاویی تەوژمی پۆپۆلیستی هەڵتۆقیو و قوڕمیشکراو، ترس لە کاریگەری یەکلیستی لەسەر دەنگدانی پەرلەمانی کوردستان و چەند هۆکارێکی بێئەرزشی دیکە بوو، کە نەیهێشت بە هەموومان یەک لیستی هەڵبژاردن و لە یەک بەرەی شەڕی دیموکراسیدا بین بەرامبەر نەیارەکانمان."
 
رێواز فایەق، کە سەرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانیش بوو دەڵێت، "نابێت رۆڵی نەگریسی دژەکوردی هەندێک سیاسیی بەتەمەن ئەزموون گەورە و، بە ئەقڵ هەرزەمان بیربچێت، کە رۆژانە بەبێ موناسەبە ژەهریان دەڕشت و کاریگەریی خۆیان لەسەر لەباربردنی هەموو هەوڵەکان هەبوو، بۆیە ئێستا دەبێت بە دیار شکستی خۆیانەوە خەریکی خۆخواردنەوە بن."
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی ئاماژە بەوە دەکات، بۆ یەک لیستی، جگە لە حیزبی شیوعی هیچ لایەنێک لەگەڵیان نەبووە. دەشڵێت، "تەنانەت ئەو کات هەندێک لە سەرکردە و کادیری باڵایان لە رێگەی میدیای فەرمی و سێبەرەوە وەک سەرکەوتن و دەستکەوت بۆ خۆیان باسیان لە رەتکردنەوەی هەوڵەکانی یەکێتی دەکرد و هەموو ئەو لێدوان، گوتار و کۆمێنتانەش هێشتا لە بیری کوردستانیاندا ماون و هێندە دوورنین، ئەسەف بەم هەڵوێست و بڕیارانە زیانی گەورە بە پێگەی کورد کەوت لە هەریەک لەو ناوچانە."
 
رێواز فایەق گوتیشی، "لەبەردەم خەڵکی کوردستان و ناوچە دابڕێنراوەکاندا خۆمان بە سەربەرز دەزانین کە بە پشتیوانی جەماوەرە دڵسۆزەکەمان و بە بەهێزی هاوپەیمانی، لیست و کاندیدەکانمان لەسەر ئاستی هەموو پارێزگاکانی کوردنشین، بە بەڕێوەبردنی هەڵمەتێکی هەڵبژاردنی شارستانییانە کە بە تەواوی خۆمان تێیدا بەدوورگرت لە رووبەڕووبونەوە و قسەکردن لەسەر لیستە کوردستانییەکان، دەنگ و سەنگی کوردمان پاراست و توانیمان بەشێک لە تینوویێتی ئەوان ئاوبدەین و ئەگەر ئەنجامەکانی یەکێتی نەبووایە، رەنگە کورد لەم هەڵبژاردنەدا بە دەنگ و کورسی ببووایەتە کەمینەیەکی زۆر بچووک."
 
رۆژی 18-12-2023 هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو و حیزب و لایەنە کوردستانییەکان نەیانتوانی نە لە پارێزگای کەرکووک و نە لە پارێزگاکانی دیکەی وەک نەینەوا، تکریت و سەلاحەدین بە یەک لیستی هاوبەش بەشداری بکەن، بۆ ئەوەش یەکێتی، پارتی تۆمەتبار دەکرد و پارتیش رەتیدەکردەوە لەگەڵ یەکێتی بچێتە نێو لیستێکی هاوبەشەوە.
 
رۆژی 29-07-2023 محەممەد خورشید، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی یەک لیستی لەگەڵ یەکێتی بە رووداوی گوت، "لە کەرکووک لەگەڵ برایانی یەکێتی دوورین لە یەکدی و ماوەیەکە گفتوگۆکان لەنێوانماندا وەستاون. مەکتەبی کەرکووک گەرمیانی پارتی نەیویستووە لەگەڵ یەکێتی لە یەک لیستدا بەشداری هەڵبژاردن بێت، چونکە لەوانەیە دەنگدەرانی ئێمە ئەوە قبووڵ نەکەن."
 
رۆژی سێشەممە، 08-08-2023 شێرزاد سەمەد، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی لە کەرکووک، لەبارەی هۆکاری پێکنەهێنانی یەک لیست لەنێوان حیزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بە رووداوی راگەیاند، "هۆکار پارتییە، ئێمە ویستمان یەک لیستی کوردستانی هەبێت، بەڵام پارتی پێشوەختە گوتی لەگەڵ یەکێتی هاوپەیمانی ناکەن."
 
لە هەڵبژاردنى ساڵى 2005ـی ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق، لە کۆى 41 کورسیی ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک، لیستى برایەتى کە یەکێتى و پارتى پێکهێنەرى سەرەکیى بوون، 26 کورسی بەدەستهێنا و پۆستى پارێزگارى وەرگرت، بەڵام ئەمساڵ لە کۆی 15 کورسی ئەنجوومەنەکە و یەک کورسی کۆتا، یەکێتی پێنج و پارتی دوو کورسی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی گشتیدا.