لەدوای بەدواداچوونی رووداو، خێزانێکی کورد لە خانەقین لە سەرژمێری دا تۆمار دەکرێن

رووداو دیجیتاڵ

خێزانێک لە 19-11-2024 لە کەلارەوە چوونەتە خانەقین لە ماڵی خزم و کەسوکاریان ماونەتەوە بەڵام بژمێرەکانی سەرژمێری چوونەتە لایان و گوتوویانە کە تۆمار نەکرێن. رووداو بەدواداچوونی کرد و کێشەکەیان چارەسەرکرا و سەرجەمیان تۆمار کران
 
هونەر حەمید، پەیامنێری رووداو لەدوای ئامادەکردنی راپۆرتەکە پەیوەندی کرد بە مەیسوون نووری، سەرپەرشتیاری بەشی سەرژمێری خانەقین و کێشەی ئەو خێزانە کوردی گەیاند، ئەو بەرپرسە بەڵێنی دا کە کێشەکەیان چارەسەر بکات و پاش چەند کاژێرێک، تیمەکان چوونە لای ئەندامانی خێزانەکە و ناویان تۆمار کران.
 
ئەحمەد عەبدولکەریم وەستای بۆیاخە لە کەلار، لەگەڵ ماڵی باوکی و براکانی رۆژێک پێش قەدەخەی هاتووچۆ دەچنە خانەقین، خۆی و هاوژینەکەی و دوو منداڵەکەی ناونووس نەکراون.
 
ئەحمەد عبدولکەریم بە رووداوی گوت: "لە کەلارەوە دوێنی هاتم، بەڵام دەڵێت، ناوت نانووسین نازانم بۆ. گرفتەکەمان تەنیا ئەوەیە تۆمار ناکرێین."
 
هۆکاری تۆمارنەکردنی بەشێکی بەرچاوی ئاوارە گەڕاوەکانی خانەقین جیاواز و فرەچەشن بوون، هۆکارەکان بە دیاریکراوی کوردانی رەسەنی ئەو ناوچانەیان کردە ئامانج.
 
سۆزان مەنسوور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی لەبارەی ئەو کێشانەوە بە رووداوی گوت: "لە تەپەچەرموو کەسیان تۆمار نەکرد، گوتیان مادام عەرەبەکان تۆمار ناکرێن بۆیان نییە کوردەکانیش تۆمار بکرێن، بەڵام ناوچەکە ماڵ و خانوو و شتی لێیە، لە ناوچەی کوڵەجۆ 800 خێزانن بەڵام لە بەیانییەوە 100 خێزان تۆمار کراون. ئینتەرنێت لەوێ زۆر خاوە و تەنیا چوار تابلێتیشی لێیە."
 
خانەقین دەکەوێتە سنووری مادەی 140 ـی دەستوور، ئەو مادەی دەبوو نزیک بە 18 ساڵ لەمەوبەر پرسی خاک و خەڵکی ئەو ناوچانەی یەکلایی بکردایەتەوە، گەڕانەوەی ئاوارە کوردەکانی ئەو ناوچانە لە رۆژانی سەرژمێریی گشتی بۆ سەلماندنی ئەو مافە بوو دەستوور بە کوردی داوە و عێراق بە بیانووی جیاواز خۆی لێدەدزێتەوە.