بەرگریی شارستانیی هەولێر لەبارەی بارانی سبەی رێنمایی قوتابییان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ تیمەکانیان بۆ رزگارکردنی ژیانی خەڵک لە لافاو و روودانی هەر مەترسییەک بەردەوامبوون و نەیانهێشت رووداوی نەخوازراو رووبدات." سەبارەت بە رێنماییەکانیان تایبەت بۆ رۆژی سێشەممە کە باران بەردەوام دەبێت. دەڵێت "ئەوانەی پیادەن، ئاگاداری رێڕەوە ئاوییەکان بن."
رۆژی دووشەممە 20-11-2023، موقەدەم کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، سبەی (سێشەممە)ـش باران بەردەوام دەبێت، بۆیە وا باشترە بەتایبەت بۆ قوتابیان ئەوانەی بە پیادە بۆ قوتابخانەکانیان دەڕۆن، ئاگاداری رێڕەوە ئاوییەکان و سەری مەنهۆڵەکان بن، هەوڵبدەن لەو کاتەی لێزمە بارانە نەچنە قوتابخانەکانیان، ئەگەر کەمێکیش دوابکەون باشترە لەوەی ژیانیان بکەوێتە مەترسییەوە."
سەبارەت بەو شۆفێرانەش کە قوتابیان دەگوازنەوە بۆ قوتابخانەکان، موقەدەم کاروان گوتی "باشترە هەموو شۆفێرێک پەتێکی 10 مەتریی بە ئەڵقەوە پێبێت، چونکە لەکاتی کوژاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان، ئاسانکاری دەکەن بۆ راکێشانیان."
لە دوێنێوە شەپۆلێکی باران هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆی لە سەرجەم دامودەزگەکان و ناوەندەکانی خوێندن کردبوو بە پشووی فەرمی.
موقەدەم کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لەبارەی کارەکانیان بۆ رزگاکردنی ئەو هاووڵاتییانەی مەترسیی لافاویان لەسەربوو، گوتی "لە رێگەی 11 تیمەوە کە هەر تیمێک چوار کەس دەبن، ئەمڕۆ توانیمان لە رێگەی شکاندنی دیوار و کردنەوەی مەنهۆڵ و رێڕەوە ئاوییەکان و یارمەتیدانی کارمەندانی شارەوانی، ژیانی زۆر کەس رزگاربکەین و ئاسانکاری بۆ کردنەوەی رێگەکان و رێگری لە روودانی کارەسات بکەین."
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد لە رێگەی ئەو 46 سەنتەرەی هەیانە، جگە لە دوو تیمیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، هەموویان لە ئامادەییدان و ئێشکگرن لە سەرجەم ناوچەکان و هەموو کارێک دەکەن بۆ رێگری لە لافاو.