قوباد تاڵەبانی: پێویستە رێکخستنەوەی نێوماڵی خۆمان بکەینە کاری لەپێشینە
رووداو دیجیتاڵ
لە پێناو چارەسەرکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت لە "یەکسخستنەوەی نێوماڵی" کورد و ئامادەکردنی دەستوورێک بۆ هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.
قوباد تاڵەبانی رۆژی دووشەممە 20-11-2023 لە زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک روانگە و بۆچوونی خۆی لە بارەی پەیوەندی و ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و چەند پرسێک کە بوونەتە رۆژەڤی هەرێمی کوردستان خستەڕوو، لەوانەش پرسی بودجە، مووچە، نەوت و گازی هەرێمی کوردستان و سیستمی فیدراڵیی عێراق.
بۆ چارەسەرکردن و نوێکردنەوەی پەیوەندیی حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، "پێویستە رێکخستنەوەی نێوماڵی خۆمان بکەینە کاری لەپێشینەمان. کوردستان پێویستی بە دەستوورێکە بۆ خۆی، لە چوارچێوەی عێراقدا، بۆ ئەوەی بتوانین پێکهاتەیەکی دروست بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کوردستان دابنێین. بەڵام گرنگیدان بەوە، بە واتەی ئەوە نایەت عێراق و پەیوەندییەکانمان لەگەڵیدا پشتگوێ بخەین، بەڵکو پێویستە هەردووکیان هاوتەریب لەگەڵ یەکدا هەبن".
قوباد تاڵەبانی پێی وایە، هەرێمی کوردستان "ناتوانێت" دەستوورێکی کارای هەبێت ئەگەر لە نێو عێراقدا "مافەکانی" پێ نەدرێت؛ گوتیشی، "هەبوونی دەستوور لە کوردستان ئەو کێشە بنچینەییە چارەسەر ناکات کە کوردستان هەیەتی، کە بریتییە لەو نادادپەروەریانەی لە بەغداوە رووبەڕوومان دەبنەوە، وەک پرسی بودجە، پرسی مووچە و بەڕێوەبردنی نەوت و گاز. ئەم کێشانە ماوەی چەندین دەیەیە بەردەوامن."
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد کە لە رابردوودا "پاساو"ـی حکومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ نەناردنی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان ئەوە بوو کە هەرێمی کوردستان نەوتی خۆی دەفرۆشت، بەڵام ئێستا کە هەناردەکە وەستاوە، دەبێت ئەو کێشەیە نەمێنێت.
قوباد تاڵەبانی وێڕای ئەوەی کە پێیوایە دەستوور وەکو خۆی جێبەجێنەکراوە، کێشە و ناکۆکییەکانی عێراق بەهۆی "خودی دەستوور و زمانەکەیەوە" نییە، بەڵکو لە "نەبوونی گفتوگۆی ستراتیجییە لەسەر چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی داهاتووی ئەم وڵاتە."
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، "دەستووری عێراق وەک لیستی خواردنی رێستورانتی لێ هاتووە، هەر کەسێک ئەو خواردنە هەڵدەبژێرێت کە حەزی لێیە و ئەو پێشخواردن و خواردنە سەرەکییانەیشی حەزی لێ نییە پشتگوێ دەخات."
لەبارەی ئەوەی کە تا چەند زیادکردنی ئەنجوومەنێکی دیکە لە پەرلەمانی عێراق کێشەکان چارەسەر دەکات، قوباد تاڵەبانی باسی لەوە کرد کە سەرەڕای ئەوەی هەبوونی ئەنجوومەنی دووەم بۆ سیستمێکی فیدراڵی "پێویست نییە،" بەڵام ئەگەر هەشبێت "دامەزراوەکان بەهێزدەکات، کەشێکی سیاسیی هاوسەنگتر دروست دەکات، شوێنێکی هاوسەنگتری سیاسەتدانان دروستدەکات"، بەڵام گوتیشی، "پێش ئەوەی باس لەو دامەزراوانە بکەین کە پێویستە لە وڵاتێکی فیدراڵدا هەبن، پێویستە پەیوەندیی سیاسی لەنێوان هەموو پێکهاتە سیاسی، نەتەوەیی و ئایینییەکانی وڵاتەکەدا نوێبکەینەوە بۆ ئەوەی بپرسین کە ئایا عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە. ئەگەر وڵاتێکی فیدراڵییە، پێناسەی هەر کەسێک بۆ فیدراڵی چییە؟ چونکە دڵنیام ئەگەر پرسیاری 10 کەس بکەیت فیدراڵیزم چییە، هەر یەکەیان وەڵامێکی جیات پێ دەدات."
قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە کە بە باشی نازانێت شێوازی فیدراڵیی وڵاتێکی دیکە بەسەر عێراقدا جێبەجێبکرێت، چونکە "هیچ شتێکی ئێمە لە هیچ شتێکی جیهان ناچێت. بۆیە پێویستمان بە سیستمێکە کە بە کەڵکی ئێمە بێت."