لە هەولێر و گەرمیان ئاو چووە نێو هەندێک ماڵەوە

رووداو دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، ئاو چووەتە هەندێک ماڵ و راستەوخۆ تیمیان ناردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە. لە سلێمانی مەترسی لافاو نییە. بەرگریی شارستانیی دهۆکیش دەڵێت، ئاو نەچووەتە هیچ ماڵێک و لافاو دروستنەبووە. لە هەڵەبجە دوای کاژێر 10:00 بارانی بەلێزمە دەستیپێکرد. لە گەرمیان ئاو چووە گوندی لانە سیتی و لە قەزای ئاکرێش بەردێک بەسەر ماڵێکدا کەوت. بەرگری شارستانیی زاخۆش دەڵێت، "ئەمڕۆش مەترسی لافاو هەیە."
لە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 19-11-2023، بارانبارین لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، 20-11-2023، کاریگەرییەکەی لە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆک زیاتر بوو، بەو هۆیەوە ئاستی ئاو لە هەندێک شوێن بەرزبووەوە، بەڵام لە سنووری پارێزگای سلێمانی بارانبارین بە کاریگەرییەکی کەمترەوە دەستیپێکرد.
کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "درەنگانی شەو ئاو چووە نێو دوو ماڵ لە شاوێس، بەڵام زۆر نەبوو و راستەوخۆ تیمەکانمان ناردە شوێنەکە. ئەمڕۆ لە بەحرکەش ئاو چووە ژمارەیەک ماڵ و ئەویش زۆر نەبوو. تیمەکانمان راستەوخۆ رۆیشتنە شوێنەکە."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتیشی، "لە چەند شوێنێک ئاو پەنگیخواردبووەوە. دوێنێ لە شەقامی 60 مەتری و ئەمڕۆش لە هەندێک شەقامی دیکە ئاو پەنگیخواردەوە، بەڵام هەمووی چارەسەرکراوە و ئێستا هیچ گرفتێک نییە".
کاروان میراودەلی دەڵێت، "تیمەکانمان گەڕاونەتەوە بنکەکان، چونکە لە هیچ شوێنێک مەترسی نەماوە، تەنیا لە شاوێس هەندێک گرفت هەیە و خەریکە چارەسەردەکرێن."
لە سلێمانی لە هیچ شوێنێک لافاو دروستنەبووە.
لە سەنتەری شاری سلێمانی، 11 بنکەی بەرگریی شارستانی هەن و هەموویان خراونەتە ئامادەباشییەوە. مەحموود محەممەد، بەڕێوەبەری بەشی ئاوەڕۆ لە شارەوانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لافاو لە هیچ شوێنێک دروست نەبووە و ئەگەر گرفتیش دروست بووبێت ئەوە راستەوخۆ هەوڵی چارەسەرکردنی دراوە و هەموو بەشەکانی شارەوانیی سلێمانی خراونەتە ئامادەباشییەوە. هەموو تیمەکان لە شەقامەکانن بۆ رووبەڕوووبوونەوەی هەر گرفتێک ئەگەر رووبدات."
بەگوتەی مەحموود محەممەد، "هەموو ئەو گرفتانەی پار هەبوون کاریان لەسەرکراوە و پڕۆژەیان بۆ جێبەجێ کراوە و چارەسەکراون. دوو رۆژە بارانیش دەبارێت لە هیچ شوێنێک گرفت دروست نەبووە."
بەڕێوەبەری بەشی ئاوەڕۆ لە شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، ئەم ساڵ هەموو ئاوەڕۆکان پاککراونەتەوە و ئامادەکران بۆ وەرزی بارانبارین.
بارانبارین لە دهۆک کەمتر بووەتەوە.
بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە درەنگانی ئەمشەو بارانبارین بەهێزبوو، بەڵام تیمەکانمان لە ئامادەباشیدابوون و هیچ رووداوێک تۆمارنەکراوە؛ بۆیە تیمەکانیش بۆ هیچ رووداوێک دەرنەچوون."
لەبارەی دروستبوونی لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە هەندێک ناوچەی دهۆک، بێوار عەبدولعەزیز گوتی، "ئاو نەچووەتە هیچ ماڵێکەوە و لافاو دروست نەبووە و لە هیچ شوێنێک ئاستەنگیش دروستنەبووە. ئێستا بارانبارینەکە لە دهۆک کەمتر بووەتەوە."
بارانی بەلێزمە لە هەڵەبجە دەستیپێکرد.
رائید زانیار عومەر ،گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە بە رووداوی گوت، "لە درەنگانی ئەمشەوەوە بارانبارین دەستیپێکرد، بەڵام زۆر بەهێز نەبوو. نزیکەی نیو کاژێر دەبێت بەشێوەیەکی بەهێز دەستیپێکردووە و بەردەوامە."
بەگوتەی گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە، نزیکەی هەشت تیمیان لە نێو سەنتەری شاردا هەیە و لە ئامادەباشیدان، ئەوە جگە لە تیمەکانیان لە ناحیەکان؛ دەشڵێت، "تائێستا ئاو نەچووەتە هیچ ماڵێک و زیان بە هیچ ئوتۆمبێلێکیش نەگەیشتووە، چونکە بارانەکە زۆر بەهێز نەبووە و تازە دەستیپێکردووە."
لە گەرمیان مەترسی لافاو نییە.
ئیبراهیم محەممەد، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی گەرمیان بە رووداوی راگەیاند، "لە دوێنێوە بارانبارین هەیە، بەڵام بەشێوەی لاواز و پچڕپچڕە، ئەگەر بەمشێوەیە باران بەردەوام بێت مەترسیی لافاو نییە."
بەگوتەی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی گەرمیان، ئاستی ئاو بەرزنەبووەتەوە و دەشڵێت، "تەنیا گەڕەکێکی نوێمان هەیە بە ناوی لانە سیتی کە دانیشتووانەکەی پەیوەندییان کرد کە ئاو چووەتە ماڵانەوە."
هونەر حەمید، پەیامنێری رووداو لە گەرمیان رایگەیاند، ئاو چووەتە نێو گوندی لانە سیتی کە یەکێکە لە گوندە نوێیەکان و دەکەوێتە دەستپێکی شاری کەلار، پڕۆژەکە زیاتر لە دوو ساڵە خەڵکی تێدا نیشتەجێیە. بەگوتەی دانیشتوانی گوندەکە دوو پڕۆژە لەسەرووی ئەوان دروستکراوە هۆکاری پەنگخواردنی ئاوەکە بووە.