دوو پاس لە باکووری کوردستان وەرگەڕان و 22 کەس بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە پارێزگای چەولیگـی باکووری کوردستان دوو پاسی نەفەرهەڵگر وەرگەڕان و 22 کەس بریندار بوون.
لەسەر رێگەی کانیرەش – ئەرزەڕۆم لە نزیک گوندی بۆران، پاسێکی نەفەرهەڵگر لە رێگە دەرچوو و وەرگەڕا؛ لە ئەنجامدا 15 سەرنشینی نێو پاسەکە بریندار بوون.
تیمەکانی تەندروستی چوونە شوێنی رووداوەکە و بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەی چەولیگ گوێزرانەوە.
رووداوی دووەم لە نزیک گوندی قیرتوزی سەر بە شارۆچکەی کانیرەش روویدا؛ پاسێکی نەفەرهەڵگر وەرگەڕا و لە ئەنجامدا حەوت کەس بریندار بوون.
بریندارەکان لەلایەن تیمە تەندروستییەکانەوە بۆ نەخۆشخانەی دەوڵەت لە چەولیگ گوێزرانەوە.
بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی تورکیا کە رۆژی 9ی تشرینی دووەمی 2023 بڵاوکرایەوە، لە 10 مانگی ئەم ساڵدا 461 هەزار و 10 رووداوی هاتووچۆ لە باکووری کوردستان و تورکیا روویانداوە؛ لە ئەنجامدا 2525 کەس گیانیان لەدەستداوە و 300 هەزار و 281 کەسیش بریندار بوون.