100 قوتابی قوتابخانە و ژمارەیەک خوێندکاری زانکۆ لە خۆپێشاندانەکانی سلێمانی بریندار دەبن
رووداو دیجیتاڵ
دوای هەفتەیەک لە راگرتنی دەوام بۆ کۆتایی هێنان بە خۆپێشاندانەکانی خوێندکاران، جارێکی دیکە خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین و چەمچەماڵ لەگەڵ یەکەم رۆژی دەوام دەستیان بە خۆپێشاندان کردەوە.
خوێندکارێکی زانکۆی سلێمانی، کە بەشداری لە خۆپێشاندانەکان دەکرد بە رووداوی گوت: "یەکەم داواکاریی ئێمە گەڕاندنەوەی دەرماڵەیە بۆ خوێندکاران. دووەم داواکاریی کەمکردنەوە و لابردنی کرێی پارالێڵە بۆ ئەو خوێندکارانەی بە پارالێڵ دەخوێنن."
خوێندکارێکی دیکەی زانکۆی سلێمانی کە فلێکسێکی بەرز کردووەتەوە و نووسیوویەتی، "بەڵی بۆ دەرهێنانی دەستی حیزب لە زانکۆ" بە رووداوی گوت: "دەستی حیزب زۆر بەجیدی لەناو زانکۆکاندایە بۆیە داوای دەرهێنانی ئەو دەستە دەکەین، خوێندکار هەیە لەبەر ئەوەی لە حیزبێکی دیاریکراوە دەوام ناکات و دواتر یەک رۆژ دێتە دەوام کە رۆژی تاقیکردنەوەکانە، ئاخر ئەوە چ خوێندنێکە کە ئاوها بێت؟"
خوێندکارێکی دیکەی زانکۆی سلێمانی گوتی: "ئەو داواکارییانەی ئێمە داوای دەکەین، پێویستە حکومەت زۆر بەخێرایی جێبەجێیان بکات، چونکە مافی خۆمانە، بەڵام لەبری ئەوەی داواکانمان جێبەجێ بکرێت، چوون هێزیشیان هێناوەتە بەرامبەرمان."
خوێندکارەکان ویستیان بەرەو بینای پارێزگای سلێمان بچن، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە تووندی رووبەڕوویان بوونەوە. بە گولـلەی پلاستیکی و گازی فرمێسکڕێژی پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان، جگە لە خوێندکارەکان، تیمی تۆڕی میدیایی رووداویش بەرکەوتن.
خوێندکارێکی دیکەی زانکۆی سلێمانی باسی لەوە کرد: "ئێمە دەمانەوێت بەشێوەیەکی مەدەنی بچینە سەر شەقام و خۆپێشاندان بکەین هەر بۆیە ئەو هێزە ئەمنییانە هاتوونەتە بەردەممان تا رێگریمان لێبکەن و ئاومان پێدابکەن و وابکەن کاردانەوەمان هەبێت."
وەک خوێندکارێکی زانکۆی سلێمانی دەڵێت: "ئێمە دەمانەوێت وەکو کۆمەڵێک خەڵکی مەدەنی، بچین بەرەو بازاڕ یان بەردەم دادگە لە زانکۆی خۆمانەوە و خۆپێشاندانێکی مەدەنییانە بکەین و کەسمان شەڕ ناکەین و تەنها قەڵەممان پێیە."
لە کاتی بەرەنگاربوونەوەی خوێندکاران، دووان لە گازە فرمێسكڕێژەکان کەوتنە نێو قوتابخانەی دیاری بنەڕەتی، لە ئەنجامیشدا 100 قوتابی بنەڕەتی برینداربوون و تووشی تەنگەنەفەسی بوون و بەشێکیشیان گەیێندرانە نەخۆشخانە.
جگە لە قوتابی و خوێندکارانیش ئەو هاونیشتمانییانەی بەو رێگەیەدا دەڕۆیشتن بەر گازی فرمێسکڕێژ کەوتن.
شنۆ نامیق، هاونیشتیمانییەکی سلێمانییە و بە رووداوی گوت: "من بۆ کارێک دەچوومە مۆڵێک بەڵام ئەو گازە فرمێسک رێژەیان گرتە خوێندکارەکان و ئێمەش بەرکەوتین، ئەوەندەی نەمابوو بخنکێین."
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، پێویستیان بە پێنج ملیار دینار هەیە بۆ هەر مانگێک تاوەکو پارەی دەرماڵەی خوێندکاران بدەن، بەڵام هێشتا ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارەکەی بۆ خوێندنی ئەمساڵ پەسند نەکردووە.