میدیای نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: لە بۆردوومانەکانی تورکیادا 11 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئەو زانیارییە سەرەتاییانەی لەلایەن میدیای نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بڵاوکراوەتەوە، لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، 11 هاونیشتمانی گیانیان لە دەستداوە و شەش کەسی دیکەش برینداربوون کە لە نێواندا دوو رۆژنامەڤان هەن؛ هەروەها 14 سەربازی سوپای سووریاش کوژراون.
میدیای نزیک لە بەرێوەبەرایەتیی خۆسەر ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ی تشرینی دووەم رایگەیاند، سوپای تورکیا لە درەنگانی شەوی رابردووەوە ناوچەکانی کۆبانێ، شەهبا، زرگان و دێرک بۆردوومان دەکات.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، لە گوندی "تەقل بەقل" سەر بە دێرک و لە بۆردوومانی یەکەمدا دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا. دوای ئەوەی خەڵک چوونە شوێنی رووداوەکە، تورکیا بۆ جاری دووەم بۆردوومانی گوندەکەی کرد و حەوت هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و سێی دیکەش برینداربوون کە یەکێکیان رۆژنامەڤانە.
لە باکووری ناوچەی زرگانیش گوندی "تل حەرمەل" بۆردوومانکراوە کە خاڵیکی سوپای سووریای لێیە؛ هەروەها لە شاری دربێسیێ سایلۆیەک بۆردوومانکراوە. لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانانەدا سێ کەس گیانیان لەدەستداوە سێ کەسی دیکەش برینداربوون، ئەوە جگە لە کوژرانی سێ سەربازی سووریا و برینداربوونی 5ی دیکە، ئەوە بە گوێرەی میدیای نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.
لە گوندی "قەزعەلی" کە لە نێوان شارۆچکەی "گرێ سپی" و شاری "کۆبانی" هەڵکەوتووە، خاڵێکی سەربازی سوپای سووریا کراوەتە ئامانج و لە هێرشەکەدا سەربازێک کوژراوە و دووانی دیکەش برینداربوون.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، رێگەی نێوان جەرابلوس -کۆبانێ کراوەتە ئامانج و لە کاژێر 09:30 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممەش فرۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا جارێکی دیکە لە نێو شاری کۆبانێ گردی "مشتەنوور" و گەڕەکی "کانی کوردان" و گوندی "حەلنج" کە لە رۆژهەڵاتی شاری کۆبانێ هەڵکەوتووە بۆردوومان کردووە. لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا رۆژنامەڤانێک برینداربووە.
لە ناوچەش شەهباش خاڵێکی سەربازیی سوپای سووریا کراوەتە ئامانج کە لە گوندی "شەوارغە" ـی ناوچەی "شەرا" هەڵکەوتووە، لە ئەنجامدا 10 سەرباز کوژراون و پێنجی دیکەش برینداربوون، ئەوەش بە گوێرەی هەمان سەرچاوە.