حکومەت 1.3 ملیار دیناری وەک پێشینە بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە دابینکرد

رووداو - هەولێر 

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی ملیارێک و 300 ملیۆن دیناری وەک پێشینە بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزە دابینکرد. 


رۆژی دووشەممە 20-11-2017، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی هاوکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکانی (سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه‌، گه‌رمیان، ده‌ربه‌ندیخان) بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت "وه‌ك پێشینه‌ی به‌رده‌ست بۆ راپه‌ڕاندنی ئیش و كاره‌ هه‌نووكه‌ییه‌كان، بڕی ملیارێک و 300 ملیۆن دینار ته‌رخان كرا".

بەپێی راگەیێندراوەکە هاوکارییەکان بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان بەم شێوەیەیە:

1-بڕی (100) ملیۆن دینار بۆ پارێزگای سلێمانی.
2-بڕی (100) ملیۆن دینار بۆ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌.
3-بڕی (100) ملیۆن دینار بۆ ئیداره‌ی گه‌رمیان.
4. بڕی یه‌ك ملیار دینار بۆ چاككردنه‌وه‌ی گیروگرفته‌كانی ئاو و كاره‌با لە دەربەندیخان 

لە راگەیێندراوەکەدا لەبارەی چاککردنەوەی گیروگرفتەکانی ئاو و کارەبا لە دەربەندیخان هاتووە "له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، بڕی یه‌ك ملیار دینار له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری ته‌رخان كرا، بۆ چاككردنه‌وه‌ی گیروگرفته‌كانی ئاو و كاره‌با له‌ شارۆچكه‌ی ده‌ربه‌ندیخان له‌سه‌ر داواكارى پارێزگاى سلێمانى".