سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو: تاوەکو نەورۆز کابینەی نوێ پێکدەهێندرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، چاوەڕوان دەکرێت رۆژانی سەرەتای ساڵی داهاتوو پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، پێشبینی دەکات تاوەکو نەورۆز کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێندرێت.
رۆژی یەکشەممە 20-10-2024 فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دوای دەنگدانی لە هەولێر، قسەی بۆ رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند، "هیوادارم ئەمڕۆ بە ئاشتی و تەبایی تەواو ببێت. داوا لە هەموو ئەو خوشک و برایانە دەکەم کە مافی دەنگدانیان هەیە بچنە سەر سندووق و دەنگی خۆیان بدەن."
لەبارەی بانگەشەی لایەنەکان، فەوزی هەریری گوتی، "لە هەموو هەڵمەتێکی هەڵبژاردندا نەوەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە هەموو شوێنێک تەشەنوجات دەبێت. تەماشای ئەمریکا و وڵاتانی دیکە بکەن. ئەوە بەشێکە لە سیستمی هاندان بۆ ئەوەی پارتەکان هەوادارانی خۆیان ببەنە سەر سندووقی دەنگدان، بەڵام دواتر پێویستە لایەنە سیاسییەکان بەگوێرەی قەبارەی خۆیان دابنیشن و هەڵسەنگاندن بۆ ئاییندەی گەش بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و هەموو خەڵکی کوردستان بکەن."
فەوزی هەریری ئاماژەی بەوەش کرد، پێشبینی دەکرێت لە رۆژانی سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی داهاتوو پەرلەمان دابنیشێت؛ لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتیش گوتی، "بەگوێرەی پێشبینییەکانم پێکهێنانی حکومەت زۆر ناخایەنێت. مانگێکمان پێ دەچێت تاوەکو ئەنجام پەسند دەکرێت، واتە ئەو بابەتە دەچێتە کۆتایی مانگی 11 و دواتر لە مانگی دوازدەدا کریسمس و سەری ساڵ و پشوو هەیە؛ هەربۆیە دانیشتنی جیدی بۆ پێکهێنانی حکومەت لە مانگی یەکەوە دەستپێدەکات و زۆریش ناخایەنێت. هیوادارم پێش نەورۆز حکومەتمان هەبێت. پەرلەمان لە 01-01-2025 و 02-01-2025 دادەنیشێت و پێش نەورۆز حکومەتمان دەبێت."
لەبارەی سەردانەکەی رۆژی 16ی ئەم مانگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی، "باسی پەیوەندییە ئابوورییەکان کراوە؛ (باسی) دۆخی ئەمنی نێوان عێراق و تورکیا کراوە؛ هەروەها هەڵسەنگاندنێکی ئیجابیان بۆ ئەو رێککەوتنە ئەمنییە کرد کە لەنێوان عێراق و تورکیا پێش ماوەیەک کرا؛ هەروەها گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ناوچەکە، شەڕی غەززە، شەڕی لوبنان و مەترسییەکان لەسەر ناوچەکە و لەسەر هەرێمی کوردستان کردووە."
رەنجە جەمال لە فەوزی هەریری پرسی کە وەک کریستیانێک پەیامی بۆ کریستیانەکان چییە؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتی، "هەمیشە خۆم بە هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان داناوە؛ هەمیشە بۆ حیزبە سەرەکییەکان دەنگم داوە. هیوادارم خەڵکی هەرێمی کوردستان مافی خۆیان بەکاربهێنن و دەنگ بدەن بەو کەس و لایەنەی کە بە بۆچوونیان خزمەتی هەرێمی کوردستان و ئەوانیش دەکات."