باڵیۆزی ئەمریکا دەڵێت خۆبەخشەکانیان چاودێریی هەڵبژاردن دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق دەڵێت، خۆبەخشەکانیان چاودێریی دەنگدانی گشتیی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.
رۆمانۆوسکی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا ئەمڕۆ یەکشەممە نووسیویەتی، "خۆبەخشەکانی نێردەی [دیپلۆماسیی] ئەمریکا لە عێراق لە بنکەکانی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانی عێراق دەبن، شانبەشانی شارەزایە نێودەوڵەتییەکانی کاروباری هەڵبژاردن و نوێنەرانی نێردە دیپلۆماسییەکانی دیکە، بۆ ئەوەی چاودێریی هەڵبژاردنی ئەمڕۆ بکەن."
ئەمڕۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان پەرلەمانێکی نوێ بۆ چوار ساڵی دیکە هەڵدەبژێرن.
پێش ئەو پۆستە، خانمە باڵیۆزەکە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە، گوتی "گرنگە هەموو ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە، لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەدا بەشداربن و دەنگی خۆیان بگەیێنن."
رۆمانۆوسکی دەڵێت، "دەنگدان بڕبڕەی پشتی دیموکراسییە"؛ هەروەها داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات "دڵنیایی بدەن لەوەی هەڵبژاردنەکە ئازاد و دادپەروەرانە، بێ تووندوتیژی و تۆقاندن و رەنگدانەوەی ویستی خەڵکە."
باڵیۆزەکە هەروەها رایدەگەیێنێت، "ئەمریکا پابەندە بە پشتیوانیکردن لە ئاسایش، سەقامگیری و سەروەریی عێراق. پێکەوە هاوبەشیی 360 پلەیی خۆمان لەگەڵ هەموو خەڵکی عێراق بەهێز دەکەین، لەنێویاندا ئەوانەی لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەژین".
دەقی گوتەکانی ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق:
ئەمڕۆ رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراقە. گرنگە هەموو ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە، لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەدا بەشدار بن و دەنگی خۆیان بگەیێنن. دەنگدان بڕبڕەی پشتی دیموکراسیی سەرکەوتووە؛ هەروەها داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دڵنیایی بدەن لەوەی هەڵبژاردنەکە ئازاد و دادپەروەرانە، بێ تووندوتیژی و تۆقاندنە و رەنگدانەوەی ویستی خەڵکە. ئەمریکا پابەندە بە پشتیوانیکردن لە ئاسایش، سەقامگیری و سەروەریی عێراق. پێکەوە ئێمە هاوبەشیی 360 پلەیی خۆمان لەگەڵ هەموو خەڵکی عێراق بەهێز دەکەین، لەنێویاندا ئەوانەی لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەژین.