قوباد تاڵەبانی بۆ خەڵكی کوردستان: دەنگ بدەن
رووداو دیجیتاڵ
قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی دەنگیدا و رایگەیاند، "داوا دەکەم خەڵکی هەرێمی کوردستان لەم پڕۆسەیەدا بەشداربن."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، کاژێر 07:00ـی بەیانی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد.
قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کە هاوکات جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە لە سلێمانی دەنگیدا و دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، "داوا دەکەم بەشداربن لەم پرۆسەیەدا و دەنگی خۆیان بدەن بەو لایەنەی کە دەتوانێت باشترین خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات، چونکە پێم وایە ئەم کوردستانە بەلای کەمەوە 129 کێشەی هەیە کە پێویستیان بە چارەسەرە."
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد، "هیوادارم لەم پڕۆسەیەدا کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان سەرکەوتن بەدەستبهێنن. هەڵبژاردنی پەرلەمان بۆ خزمەتیکردنی خەڵكی کوردستانە. دڵنیام کە خەڵکیش سەرکەوت، حیزبەکەی منیش سەردەکەوێت."
لەبارەی دەنگدانی تایبەت، قوباد تاڵەبانی گوتی، "پێم وایە دەنگدانی تایبەت روون بوو. لە دەرئەنجامی ئەم پرۆسەیەدا دوو هێزی سەرەکی لەم کوردستانە هەن کە ئەمڕۆ یەکلایی دەبێتەوە و هیچ گلەییم نەبوو. پێم وایە پڕۆسەکە باش رۆیشتووە و ئەنجامەکانیش باشن و روونن."
قوباد تاڵەبانی هەروەها گوتی، "ئەم هەڵبژاردنە 100٪ گۆڕانکاری دروست دەکات."