سەرۆکی کۆمیسیۆن بۆ رووداو: لە 24 کاژێردا ئەنجامی دەنگدان رادەگەیێنین

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، دوای تەواوبوونی دەنگدان لە کاژێر 06:00ی ئێوارە، لە 24 کاژێردا ئەنجامی دەنگدان رادەگەیێنین. ئاماژە بەوەش دەکات، "ئومێدەوارم زووتر رایبگەیێنین."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 کاژێر 07:00ی بەیانی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد.
 
حاکم عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی رایگەیاند، "لەوکاتەی دیاریکراوە، بنکەکان بەڕووی دەنگدەراندا کرانەوە. بێگومان هیچ کێشەیەکی تەکنیکیمان نەبووە. وا هەست دەکەم پرۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت."
 
لەبارەی چارەسەرکردنی ئەو تێبینیانەی لە دەنگدانی تایبەت بەشێک لە لایەنەکان هەیانبوو، حاکم عومەر گوتی، "لە دەنگدانی تایبەتدا کۆنترۆڵی تەواومان بەسەر وێستگە و بنکەکانی دەنگدان هەبوو، بەڵام ئەگەر پێشێلکارییەک هەبووبێت، ئەوە زیاتر پەیوەندیی بە کۆمیسیۆنەوە نەبووە، بەڵکو پەیوەندیی بە لیژنەی ئەمنییەوە هەبووە. قسەمان لەگەڵ لیژنەی ئەمنی کردووە و پێشبینی دەکەم هەمووی چارەسەر بکرێت. بەڕاستی پێشێلکارییەکی ئەوتۆ نەبووە کە کاریگەریی لەسەر پڕۆسەکە هەبووبێت."
 
لەبارەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن و رێژەی بەشداری، سەرۆکی کۆمیسیۆن گوتی، "پڕۆسەکە بەوپەری باشی بەڕێوەدەچێت، بەڵام هێشتا نازانین رێژەی بەشداری چەندە. نیوەڕۆ راپۆرت وەردەگرین و رایدەگەیەنین کە رێژەی بەشداری چۆنە."
 
رووداو لە سەرۆکی کۆمیسیۆن دەپرسێت کەی ئەنجامەکان رادەگەیەنن؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت، "دوای ئەوەی کاژێر 06:00ی ئێوارە دەنگدان کۆتایی دێت، ئەلیکترۆنییەن هەموو ئەنجامەکان دەنێردرێت بۆ سێرڤەری نووسینگەی نیشتمانی لە بەغدا و پێویستە لە 24 کاژێردا ئەنجام دەربچێت. ئومێدەوارین زووتر ئەنجام رابگەیێنین."
 
 
 
دەقی گفتوگۆی حاکم عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەگەڵ رووداو: 
 
رووداو: سەبارەت بە جیاکردنەوەی دەنگەکان، جگە لە ئەلیکترۆنی، چاوەڕوێ دەکرێت بە دەست هەژمارکردنیان کەی تەواو بێت؟
 
حاکم عومەر: سڵاو لە ئێوە و بینەرانی خۆشەویستی رووداو. سەبارەت بە پرسیارەکەت، لەوانەیە نەکرێت یان نەتوانرێت بە دیاریکراوی وەڵامی دروستت بدەمەوە، بەڵام کاژێر 18:00 کە سندووقەکان دادەخرێن، ئەنجامەکان بە ئەلیکترۆنی دەنێردرێن بۆ بەغدا بۆ نووسینگەی نیشتمانی و دواتر دەست دەکرێت بە هەژمارکردنی دەستی. پێشبینی دەکەم ئەمەی ئێستا ئاسانتر بێت لە هەژماکردنی دەستیی دەنگەکانی دەنگدانی تایبەت، چونکە دەنگدانی تایبەت دەبووایە پارێزگاکانیان جیا کرابووایەوە، بەڵام ئێستا هەر بازنە و پارێزگایەکە و ئاسانتر دەبێت. پێشبینی دەکەم کاژێر 12:00 یان 12:30 خولەک یان زووتر (شەو) تەواو بکرێت.
 
رووداو: کەی ئەنجامی بەرایی و کۆتایی رادەگەیێندرێت؟
 
حاکم عومەر: ئەنجامی بەرایی دوای کاژێر 18:00 کە سندووقەکان دادەخرێن، ئێمە بەپێی یاسا ئەرکدارین کە لە ماوەی 24 کاژێردا رایبگەیێنین. پێشبینی دەکەم بەر لە 24 کاژێرەکە رایبگەیێنین، بەڵام ئەنجامی کۆتایی دیار نییە و لە هەفتەیەکدا ئەنجامی کۆتاییش رادەگەیێندرێت.
 
رووداو: ئەنجامی سکاڵاکان کەی رادەگەیێندرێت؟
 
حاکم عومەر: کاتێک سکاڵاکان یەکلایی دەکرێنەوە، ئەو کات ئەنجامی کۆتایی رادەگەیێندرێت، بۆیە ناتوانم ماوەیەکی دیاریکراو بڵێم، بەڵام پێشبینی دەکەم کارەکانمان زۆر بە رێکوپێکی بڕۆن. خشتەیەکمان داناوە. هەموو لیژنەکان کاردەکەن؛ لەبەر ئەوە بە زووترین کات ئەنجامی کۆتاییش رادەگەیێندرێت.
 
 
چەند زانیارییەک لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانەوە
 
لەم هەڵبژاردنەدا 14 پارت و هاوپەیمانی رکابەری لەسەر کورسییەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەن، کۆی بەربژێران بۆ ئەو هەڵبژاردنە 1191 بەربژێرە و، پارتەکان رکابەری لەسەر 95 کورسی دەکەن لەگەڵ پێنج کورسی بۆ کۆتا. 
 
هەڵبژاردنەکە بەسەر چوار بازنەدا دابەشکراوە بەمشێوەیە:
 
هەولێر 34 کورسی
سلێمانی 38 کورسی
دهۆک 25 کورسی
هەڵەبجە سێ کورسی
 
لە کۆی ئەو 100 کورسییە، پێنج کورسی بۆ کۆتا لە هەولێر، دهۆک و سلێمانی دانراون.
 
هەروەها لە کۆی 1191 بەربژێر بۆ ئەو هەڵبژاردنە، 949 بەربژێریان سەر بە حیزبەکانن، 123 بەربژێری هاوپەیمانێتییەکانن لەگەڵ 119 بەربژێری سەربەخۆ.
 
پارتی زۆرترین بەربژێری هەیە بە 190 بەربژێر و بەرەی تورکمانیش کەمترین بەربژێری هەیە کە 11 بەربژێرن.