نێچیرڤان بارزانی: به‌ سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردن، كوردستان براوه‌يه‌

رووداو دیجیتاڵ

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەنگیدا و رایگەیاند، "ئەم هەڵبژاردنە گرنگە، چونکە دیسانەوە رەوایەتیدان و شەرعیەتدانە بە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان." 
 
رۆژی یەکشەممە 20-10-2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هوتێل رۆتانا لە شاری هەولێر لەگەڵ ئیدریس ـی کوڕی دەنگیان دا. 
 
دوای دەنگدان، لە پەیامێکدا، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، "ئەم بەیانییە هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی گرنگی نا، لە چوارچێوەی پرۆسەی دیموکراتی لەم وڵاتەدا، ئەوەی دەمەوێت لە دەستپێکردنی قسەکان بیڵێم ئەوەیە؛ لەم پرۆسەیدا براوەی یەکەم خەڵکی هەرێمی کوردستانە. کوردستان براوەیە."
 
نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەڵێ "خۆشحاڵم بەوەی سەرەڕای هەندێک شتی بچوک، بەڵام بەشێوەیەکی ئارام بەڕێوەچوو."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هانی هاونیشتمانییان دەدات دەنگ بدەن و، دەڵێ "ئەمڕۆ هیوادارم خەڵكی هەرێمی کوردستان مومارەسەی ئەو دەسەڵاتەی خۆیان بکەن بۆ هەڵبژاردنی کاندیدی خۆیان و، ناردنیان بەرەو پەرلەمانی کوردستان."
 
هەروەها گوتی "بۆ ئێمە، ئەم هەڵبژاردنە گرنگە چونکە دیسانەوە رەوایەتیدان و شەرعیەتدانە بە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، کە لەلایەن خەڵكی کوردستانەوە هەڵدەبژێردرێت، هیوادارم پرۆسەکە بە ئارامی بەڕێوەبچێت. هیوادارم خەڵکی کوردستان و کوردستانیان لە هەموو شوێنەکانی ئەم وڵاتە لەم پرۆسەیەدا بەشدار بن و بچن مومارەسەی دەسەڵاتی خۆیان بکەن، بچن بەرەو سندووقەکانی دەنگدان و کاندیدی خۆیان هەڵبژێرن بۆ چوار ساڵی ئاییندە، کە لە پەرلەمانی کوردستان دەبن."
 
نێچیرڤان بارزانی لە گوتەکانیدا جەختی کردەوە لەوەی دەیەوێت "لە سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیەدا سوپاسێکی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی عێراق، جەنابی سوودانی و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، فایەق زێدان، حاکم جاسم، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق و یونامی و هەموو ئەو وڵاتانەی لەم پرۆسەیە لەگەڵ ئێمەدا بوون و پەرۆشی ئەوە بوون ئەم هەڵبژاردنە بکرێت، دەمەوێت لەم رۆژەدا سوپاسی هەموو ئەوانە بکەم، کە بەبێ یارمەتیدانی ئەوان ئاسان نەبوو ئەم پرۆسەیە. سوپاسیان دەکەین."
 
"دەبێت هەموو لایەنەکان پێکەوە دابنیشن"
 
سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێ "هیوادارم پرۆسەی هەڵبژاردن و دامەزراندنی حکومەت بە زووترین کات دەستیپێبکرێتەوە، چونکە ئەوە لە بەرژەوەندیی هەموو گەلی کوردستانە و بەدڵنیاییەوە قۆناخێکی نوێ دەستپێدەکات، تائێستا قۆناخی بانگەشەی هەڵبژاردن و هەڵبژاردن بوو، لە ئەنجامدا ئەو قۆناخە دەستپێدەکات، کە دەبێت هەموو لایەنەکان پێکەوە دابنیشن و حکومەت و پەرلەمان و دامودەزگاکانی دیکە بە زووترین کات بکەوێتە کار."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێ کە هەڵبژاردن تەواو بوو، ''هەموو حیزبەکان ئازادن لەوەی لەگەڵ یەکتر دادەنیشن و نەخشەڕێگەی ئاییندەی هاوپەیمانیێتی دیاری دەکەن، ئەمە شتێکی ئاساییە لە هەر پرۆسەیەکی دیموکراسیدا. ئەوەی من دەمەوێت جەختی لێ بکەمەوە ئەوەیە؛ ئەم هەڵبژاردنە سەرکەوتنی خەڵکی کوردستان و، هەموو ئەو پێکهاتانە بوو کە لە کوردستان دەژین، سەرکەوتنی کوردستان بوو ئەم پرۆسەیە. ئەوەی دەمێنێتەوە حیزبەکان لە چوارچێوەی سیاسەتی خۆیاندا چەند کورسی دەهێنن و دوای ئەوە چ هاوپەیمانیێتیێک پێکدەهێنن، دەمێنیتەوە بۆ دوای هەڵبژاردن."
 
"بە دورودرێژی لەگەڵ ئەردۆغان قسەمان کرد"
 
سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ تورکیا و کۆبوونەوەکانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی "پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ تورکیا هەیە و ناوە بە ناوە ئەو سەردانانە ئەنجام دەدرێن، لە چوارچێوەی پێشخستنی زۆرتری پەیوەندیی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان ئەو سەردانە ئەنجامدرا."
 
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانیشی گوتی "کۆبوونەوەیەکی زۆر دوورودرێژ و باشمان لەگەڵ جەنابی سەرۆک ئەردۆغان هەبوو، (لەبارەی) ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە هەبوو، چ لەڕووی ئابووری و ئەمنی، چ لەو شتانەی لە ناوچەکە دەگوزەرێت، (ئەمانە) هەموو ئەو بابەتانە بوون کە بە دوورودرێژی لەگەڵ جەنابی سەرۆک ئەردۆغان و جەنابی وەزیری دەرەوە و جەنابی دکتۆر ئیبراهیم قسەمان لەسەریان کرد."
 
"گرنگە هەر حکومەتێک دێت، دۆخی هاووڵاتییان بگەیێنێتە قۆناخێکی باشتر"
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "منیش وەکو هەموو خەڵکی ئەم وڵاتە چاوەڕوان دەکەم بەزووترین کات حکومەتێکی یەکگرتووی رێکوپێک پێکبهێندرێت، کە بتوانێت خزمەتی زیاتری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکات."
 
هەروەها دەڵێ "خۆشحاڵم لە کوردستان بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان، ئێمە ئێستا لەرێگەی سندووقی دەنگدانەوە ئەو کارە دەکەین. ئەمە، پێشکەوتنێکی گەورەیە و جێگەی شانازیی گەلی کوردستانیشە، هەر حکومتێكیش کە دێت، ئەوەی گرنگە ئەوەیە بارودۆخی هەرێمی کوردستان لە قوناخێکەوە بگوازێتەوە قۆناخێکی باشتر، چاوەڕوانی من لەو حکومەتە ئەوەیە بەزووترین کات پێکبێت بۆ ئەوەی بتوانێت خزمەتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و، هەموو هاووڵاتییان و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بکات."
 
"ئاوات خان چاڵێنجەکەی لەمن بردەوە"
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندی تەلەفۆنیی بە ئافرەتێکی نیڤشکانەوە کردبوو و گوتی "لەمنت بردەوە."
 
ئەو ئافرەتە ناوی ئاوات ئازادە و پێشتر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان چاڵێنجی کردبوو، کە ئەگەر یەکەم کەس دەنگ بدات، ئۆتۆمبێلێکی بۆ دەکاتە دیاری.
 
لەمبارەیەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی "لەگەڵ ئاوات خان چاڵێنجێکم هەبوو، بەڵام ئەو بردییەوە و پێشم گوت، تەلەفۆنم بۆ کرد، پێم گوت بردتەوە، چونکە ئامێر کاری نەدەکرد، ئەگەرنا رەنگە من بمبردایەتەوە، ئەویش هەر بۆ خۆشی بوو، ئەو بردییەوە و پیرۆزبایی لێ دەکەم ."
 
"سەرکەوتنی ئێمە، سەرکەوتنی هەموو کوردێکە"
 
نێچیرڤان بارزانی وەک خۆی گوتی "پەیامی ئێمە ئەوەیە بۆ هەموو کوردێک، لە هەر جێگەیەک بن، پێیان بڵێن ئەمە پرۆسەیەکی دیموکراسییە لە وڵاتی ئێمە دەستیپێکردووە، هیوادارین ئێوە پشتیوان بن و هاوکار بن بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە لە کوردستانی عێراق لە چوارچێوەی عێراق بە شێوەیەکی باش بەڕێوەبچێت،" 
 
گوتیشی "سەرکەوتنی ئێمە، سەرکەوتنی هەموو کوردێکە لە هەر جێگەیەک بژی... سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان لەم پرۆسەیە لە چوارچێوەی عێراق، سەکەوتنی هەموو کوردێکە لە هەر جێگەیەک بێت."
 
هەروەها لەبارەی پەیامی بۆ هاونیشتمانیان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی "پەیامی من بەشێوەیەکی گشتی بۆ خەڵكی کوردستان ئەوەیە؛ ئەمە مافێکی خۆیانە و پێویستە مومارەسەی ئەو دەسەڵات و مافە بکەن کە هەیانە."
 
"داوا دەکەم هەر کەسێک عاجزیش بێت، هەقی خۆیەتی مومارەسەی ئەم دەسەڵاتە بکات کە خۆی هەیەتی بۆ گۆڕین. سەرچاوەی دەسەڵاتی ئێمە، گەلی ئێمەیە، سەرچاوەی دەسەڵاتی ئێمە، سندووقی دەنگدانە، سەرچاوەی ئەو دەسەڵاتەی کە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان هەیە بە ئەنجامی سندووقەکانی دەنگدانە بە دەنگی گەلی کوردستان بووە، ئەمە مافێکی سرووشتیی خۆیانە و ئەوان بەرپرسیاریێتییان لەسەر شانە بۆ ئاییندەی ئەم وڵاتە بێنە سەر سندووق و دەنگ بدەن بەوشێوەیەی خۆیان دەیانەوێت."
 
"کاتی ئەوە هاتووە لەسەر بنچینەی دەسوور کێشەکانمان لەگەڵ عێراق چارەسەر بکەین."
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا لەدوای هەڵبژاردن، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "هەرێمی کوردستان وەکو دامەزراوەیەک بەشێکە لە عێراقی فیدراڵی و بەشێک لە عێراقی فیدراڵی دەمێنێتەوە. هەرێمی کوردستان سیاسەتەکەی ئەوەیە؛ لەم چوارچێوەیەدا بەبەردەوامی هەوڵبدرێت ئەو کیشانەی لەگەڵ بەغدا هەن، بەشێوەیەکی دیالۆگ و  لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکرێت، ئەو چاوەڕوانییە هەیە، بەتایبەتی دوای پێکهێنانی ئەم کابینەیە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕاستی دەیەوێت کیشەکان بەشێوەیەکی دیالۆگ و لە چوارچێوەی دەستووری عێراق، چارەسەر بکات."
 
"کلیلی سەقامگیریی سیاسی لە عێراق ئەوەیە کێشەکانی هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن"
 
نێچیرڤان بارزانی جەختی کردەوە لەوەی "پێموایە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە لەسەر بنچینەی دەستوور کیشەکانمان چارەسەر بکەین، هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق، دەسەڵاتی پێدراوە و ئەرک و مافیشی هەیە."
 
گوتیشی "لە ساڵی 2003ـوە هەتاوەکو ئێستا زۆر بەداخەوە دەستووری عێراق کە گەلی عێراق بەشێوەیەکی گشتی دەنگیان بۆ داوە، جێبەجێ نەکراوە، شێوەی هەڵسوکەوتی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان شێوەی هەڵسوکەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا هەموو ئەمانە دەستوور دیاری کردووە، هەرێمی کوردستان خوازیاری ئەوەیە؛ بۆ ئەوەی عێراقێکی سەقامگیر هەبێت، بۆ ئەوەی هەموومان بتوانین پێکەوە خزمەتی ئەم وڵاتە بکەین بە کورد، عەرەب، تورکمان، ئێزدی، کریستیان و هەموو لایەنەکانی دیکە، کلیلی سەقامگیری لە عێراق ئەوەیە؛ کێشەکانی نێوان هەولێر و بە‌غدا چارەسەر بکرێن."
 
وەک نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بۆ دا، چارەسەرەکەش لە دەستووردا دیاریکراوە، جێبەجێکردنی دەستوور، گەڕانەوە بۆ دانیشتن و بەجدی راوەستان لەسەر چارەسەرکردنی کیشەکان، پێموایە ئەمە کلیلی سەقامگیریی سیاسی بۆ عێراقە و دەبێت بەغدا درک بەوە بکات، هەروەها ئێمە لە هەرێمی کوردستان درکمان بەوە کردووە و هیوادارم لەگەڵ بەغدا بگەینە ئەنجامێک، کە خێری هەموو گەلی عێراقی تێدا بێت بە هەموو پێکهاتەکانەوە."
 
"سیاسەتی هەرێمی کوردستان سیاسەتی سەقامگیری بووە"
 
سەرۆکی هەرێمی کودستان لەبارەی پەیوەندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ گوتی، "چوار ساڵی ئاییندە و چوار ساڵی رابردووش سیاسەتی هەرێمی کوردستان سیاسەتی سەقامگیری بووە لە ناوچەکە. ئێمە فاکتەرێکین بۆ سەقامگیری لە ناوچەکە. لەگەڵ دراوسێکانمان دەمانەوێت بە خۆشی و پێشکەوتنی ئابووری و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی پەرە بە پەیوەندییەکانمان بدەین."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، "لە چوار ساڵی ئاییندەش بەدڵنیاییەوە ئەوەی زۆر سوورین لەسەری ئەوەیە؛ پەرەپێدان بە پەیوەندییەکی باش لەگەڵ هەموو دراوسێکانمان لەسەر بنچینەی رێزلێگرتنێکی دوولایەنە و پێشکەوتن لە بواری ئابووری، کۆمەڵایەتی، بازرگانی و لە هاتووچۆ. لەم چوار ساڵە بۆ ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان ئەولەویەتی هەموو شتێک بووژانەوەی ئابووری دەبێت. هەرێمی کوردستان بە فاکتەری سەقامگیری لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە و هەموو توانای خۆی بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی ئەم کێشانەی لە ناوچەکەدا هەن، کاریگەری لەسەر کوردستان و عێراقیش نەکات."
 
"بانگەشەی هەڵبژاردن هەندێکجار توندن هەندێکجار نەرم"
 
لەبارەی بانگەشەی بەشێک لە لایەنەکان لەکاتی هەڵبژاردن، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، "بانگەشەی هەڵبژاردن هەندێکجار توندن و هەندێکجار نەرم، ئەوە مانای بانگەشەی هەڵبژاردن، بەڵام (ئەگەر) بە وردی سەیری پرۆسەی دیموکراسی بکەن لە کوردستان، ئەوەی روویدا لەوانەیە هەندێکجار بەرز و نشێویی تێدا هەبێت، قسەی تێیدا هەبوو، بەڵام لە ئەنجامدا ئەمە پرۆسەیەکی دیموکراسی بوو بە هەموو ماناکانەوە، گەلی ئێمە گەیشتە ئەو ئاستەی، دەیەوێت لەرێگەی سندووقی دەنگدان، کێشەکان چارەسەر بکات."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، "بانگەشەی هەڵبژاردن جیاوازە لەو واقیعەی دێتە پێش، ئەوەی گرنگە؛ ئێمە دەبێت پێکەوە دابنیشین، کوردستان موڵكی یەک لایەن و یەک حیزب نییە، هی ئەم میلەتە هەموو پێکەوەیە، بۆیە بەدڵنیاییەوە قسەکردن لەگەڵ یەکتر و دانیشتن لەگەڵ یەکتر لە رۆژانی ئاییندەوە دەستپێدەکرێت. بانگەشەی هەڵبژاردن تەواو و، قۆناخێکی نوێ دەستپێدەکات، قۆناخی نوێ پێویستی بەوەیە لایەنەکان لە چوارچێوەی بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییان بڕیاری خۆیان بدەن."
 
لەبارەی بەشدارینەکردنی لایەنەکان لە حکومەت، نێچیرڤان بارزانی گوتی، "ئەوە هەقی خۆیانە، ئەو لایەنە سیاسییەی دەیانەوێت بەشداربن یان نا، ئەوە دیسانەوە پرۆسەیەکی دیموکراسییە و هەقی خۆیانە. ئەو هەقەیان هەیە کە چۆن خۆیان لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی خۆیان بڕیار بدەن."
 
"عێراق نەکەوێتە نێو ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە"  
 
نێچیرڤان بارزانی گوتی، "سیاسەتی ئێمە لە هەرێمی کوردستان و هاوئاهەنگیی ئێمە لەگەڵ بەغداش و قسەکانمان لەگەڵ دراوسێکانمان یەک شتە؛ ئێمە بە هیچ شێوەیەک حەز ناکەین عێراق بکەوێتە نێو ئەم گرژییانە، عێراق بە هەرێمی کوردستانیش کە لە چوارچێوەی عێراقدایە، ئێمە لە عێراق کێشەکانمان ئێجگار زۆرن، پەلکێشکردنی عێراق بۆ ئەم ئاڵۆزییانە زەرەرێکی گەورە لە عێراق دەدات. ئێمە، دەمانەوێت عێراق لەمە دوور بێت، لەم چوارچێوەیەدا لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێ و دەرەوەش لەسەر هێڵین. ئێمە، دەبێت هەموو شتێک بکەین عێراق نەکەوێتە بازنەی ئەم ئاڵۆزییانەی ئێستا لە ناوچەکە هەن."
 
"پێشبینی ناکەم دەرفەتی ساختەکاری هەبووبێت"
 
"ئەم هەڵبژاردنەی ئێستا لە دەستی کۆمیسیۆنی بەغدایە، من لە راستیدا ئەوەی کە دەبینم لە پڕۆسەکەدا وەکو چاودێرێک کە سەیری پڕۆسەکە دەکەم، دەمەوێت دەستخۆشییان لێ بکەم، چونکە بەشێوەیەکی زۆر رێکوپێک هێناویانە و بەدڵنیاییەوە هەر لایەنێک ئەگەر کێشەی هەبێ، میکانیزمەکە دیارە و دەتوانن سکاڵای خۆیان پێشکەش بکەن و ئەوان لەو چوارچێوەیە هەڵسوکەوت دەکەن."
 
نیچیرڤان بارزانی گوتیشی، "ئەوەندەی پڕۆسەکەم بۆ باسکراوە، پێشبینی ناکەم دەرفەتی ساختەکاری هەبووبێت. شتەکە زۆر بە رێکوپێکی دروستکراوە و دەرفەت بۆ ئەوە بڕواناکەم هەبێت. چونکە میکانیزمەکان زۆر بەهێزن، بەڵام هەڵبژاردن وایە کە بردتەوە تەواوە و نەتبردەوە کێشە دەهێنن، بەڵام بۆ هەموو ئەوانە، رێکار هەن رێکارەکان ئەوەیە ئەگەر گلەییت هەیە، کۆمیسیۆن هەیە، بڕۆن سکاڵا بکەن، لیژنە دانراون رێکارەکان هەموو دانراون، بەڵام وەکو پڕۆسە، ئەوەی سەیرم کرد، هەست ناکەم بابەتی ساختەکاری لەم پرۆسەیە دا جێگەی هەبێت."
 
"رۆژەکانی بانگەشەم حیساب دەکرد"
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو رۆژانی بانگەشەی هەڵبژاردنی ژماردووە و گوتیشی، "هەموو رۆژێک دەمگوت باش بوو ئەمڕۆش تێپەڕی کە بانگەشەی هەڵبژارن دەبوو هەموو رۆژێک حیسابم دەکرد، دەمگوت سوپاس بۆ خوا رۆژێک تێپەڕی و تەواو. پێشبینی من ئەوەیە؛ تائێستا پڕۆسەکە بەشێوەیەکی گشتی زۆر بە رێکوپێكی بەڕێوەچوو. ئەوەش نیشانەی ئەوەیە ئاستی خەڵكی ئێمە و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەڕاستی زۆر بەشێوەیەکی شارستانیانە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ئەم بابەتەدا کردووە و ئەوەش جێگەی رێزە. هیواخوازم ئەمڕۆش ئەو پڕۆسەیە بەشێوەیەکی ئاشتییانە و رێکوپێك بەڕێوەبچێت و هەر ئەو داوایە لە هەموو لایەنەکان و گەلی کوردستان دەکەم، ئەمجارە هەوڵبدرێت وەکو پێشتر بە رێکوپێکی پرۆسەکە کۆتایی پێبێت، سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە سەرکەوتنی کوردستان و سەرکەوتنی پرۆسەی دیموکراسییە، لە عێراق و هیوادارم بەشێوەیەکی ئاشتییانە بەڕێوەبچێت."