لە وان و دێرسم قەدەخەی خۆپێشاندان و گردبوونەوە راگەیێندرا
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان، دوو رۆژ و لە پارێزگای دێرسمیش پێنج رۆژ قەدەخەی خۆپێشاندان و گردبوونەوە راگەیێندرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک، كه لە ماڵپەڕی فەرمیی پارێزگای وان بڵاوكراوهتهوه، لە رۆژانی 21 و 22ـی تشرینی یەکەمی 2023 ـدا هەموو جۆرە گردبوونهوه، خۆپێشاندان، رێپێوان و مانگرتن، ههڵدانی چادر و چالاكیی دیکە قهدهخەیە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بە مەبەستی پاراستنى بنەما سەرەكييەكانى كۆمار، يەكپارچەيى جيانەكراوهى دەوڵەت و نەتەوە، پێشێلنەکردنی ماف و ئازادى ئەوانى ديكە، ئاسايشى خەڵك و بەرقەراركردنى ئارامى، رێگرتن لە تاوان، پاراستنى ماف و ئازادى خەڵك، رێگرتن لە هەر رووداوێكى نەخوازراو بڕیاری قەدەخەی خۆپێشاندان و گردبوونەوە دراوە."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بڕیاری قەدەخەکردنەکە ئەو چالاکییە فەرمییانە ناگرێتەوە، کە لەلایەن پارێزگار و قایمقامەکانی سنووری پارێزگای وان رێگەیان پێدەدەرێت.
لە سنووری پارێزگای وان، لە 21ـی تشرینی دووەمی 2016ـەوە و بەپشتبەستن بە بڕگەکانی ئەلف و جیم، لە ماددە 11ـی یاسای ژمارە 5442 ـی بەڕێوەبردنی شارەکان و ماددە 17ـی یاسای ژمارە 2911ـی چالاکییەکان، لە ناوەندی شار و شارۆچکە و ناوچەکانی سەر بەو پارێزگایە، هەموو جۆرە خۆپێشاندان و گردبوونهوه و چالاکییەکی هاوشێوە قەدەخە کراوە و ماوە ماوە بڕیاری قەدەخەکردنەکە درێژدەکرێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە لهلایهن پارێزگای دێرسم دەرچووە، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 20ـی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە تا کاژێر 23:59 ـی 24ـی تشرینی یەکەم لە ناوەندی شار و شارۆچکەکانی دێرسم هەموو جۆرە گردبوونهوه، خۆپێشاندان، رێپێوان و مانگرتن، ههڵدانی چادر و چالاكییەکی دیکە قهدهخەیە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، ئەو بڕیارە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی گشتیی شارەکە دراوە و جەخت کراوەتەوە، لەو وادەیەدا رێگە هیچ کار و چالاکییەکی بێ مۆڵەت نادرێت، تەنیا ئەو چالاکییانە نەبێت، کە لەلایەن پارێزگار و قایمقامەکانەوە مۆڵەتیان پێدەدەرێت.