رێکخەری گشتیی گۆڕان بریکارنامەی گشتی بۆ دانا ئەحمەد مەجید دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

لەسەر داوای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و بەهۆی نەکردنی کۆنگرەی گشتی، عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆران، بریکارنامەی گشتیی بە زیاتر لە 100 دەسەڵاتەوە بۆ دانا ئەحمەد مەجید کردووە و سەرجەم دەسەڵاتەکانی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە پێ سپاردووە.
 
دوای ئەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەستنی کۆنگرەی کردە مەرج بۆ بەشداریکردنی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام کۆنگرەی نەکرد، عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە دانا ئەحمەد مەجیدی کردووەتە بریکاری خۆی و بریکارنامەیەکی گشتی بۆ ئەو مەبەستە رەوانەی کۆمیسیۆن کردووە و سەرجەم دەسەڵاتیشی پێداوە.
 
دانا ئەحمەد مەجید، پارێزگاری پێشووی سلێمانی، دوای 10 ساڵ دوورکەوتنەوە لە کوردستان، لە نێوەڕاستی ئەم ساڵ گەڕایەوە کوردستان. یەکێکە لە کەسە دیارەکان بۆ وەرگرتنی پۆستی رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان.
 
بریکارنامە گشتییەکە رۆژی پێنجشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2024 لە فەرمانگەی دادنووسی دووی سلێمانی بە ژمارە 30874 کراوە، تێیدا رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان سەرجەم دەسەڵاتەکانی کارگێڕی، دارایی، بەکارهێنان و بەکرێدانی موڵک و واژۆکردنی بەڵگەنامە و گرێبەستەکان و هەڵوەشاندنەوە و هەموارکردنەیانی بە دانا ئەحمەد مەجید داوە، جگە لە کڕینی موڵک و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوە.
 
بریکارنامەکە زیاتر لە 100 دەسەڵات و رەفتاری عومەری سەید عەلی بۆ دانا ئەحمەد مەجید گواستووەتەوە. 
 
بەپێی نەریتی کارپێکراو، بریکارنامەی گشتی بەلایەنی کەمەوە دەکرێت بۆ ماوەی 15 ساڵ بەکاربهێندرێت، لەکاتی مردنی یەکێک لە لایەنەکانی یان لەدەستدانی شیاوێتی یان رەتکردنەوەی یەکێک لە لەلایەنەکانی بە هەڵوەشاوە هەژمار دەکرێت.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هەر دوێنێ پێنجشەممە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بریکارنامەکەی پەسندکردووە.
 
ئەو بریکارنامە گشتییە لە کاتێکدایە کۆنگرە (کۆنفرانسی نیشتمانی)ـی بزووتنەوەی گۆڕان دواکەوتووە، هەرچەندە بڕیاربوو پێش دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن و لە سەرەتای ئەم مانگە تاوەکو ناوەڕاستی مانگ سەرجەم هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی بکات، بەڵام بزووتنەوەکە تەنیا رۆژی دووشەممە 9ـی ئەیلوولی 2024، دەستەى سەرۆکایەتیی جڤاتى گشتی هەڵبژارد، کە پێکدێن لە: سەرۆک، جێگر و سکرتێرى جڤاتى گشتیی بزووتنەوەکە. 

 

 
بزووتنەوەی گۆڕان ژمارەیەک ئۆرگانی هەیە، لەوانە جڤاتی نیشتمانی (ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەر) باڵاترین دەسەڵاتی بڕیاردانە، هەروەها جڤاتی گشتی.
 
بەپێی دەستووری نێوخۆیی بزووتنەوەکە، خانەی راپەڕاندن بەرپرسە لە جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی جڤاتی نیشتمانی، خانەکە لە 7 کەس پێکدێت: رێکخەری گشتی، سکرتێرەکانی کاروباری جڤاتی نیشتمانی، فراکسیۆن، ژوورەکان و باژێرڤانەکان و سەرۆکی جڤاتی گشتی. 
 
رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، جگە لە سەرۆکی جڤاتی گشتی، لەنێو ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی یان لەنێو ئەندامانی جڤاتی گشتی و کەسایەتییە دیارەکانی بزووتنەوەکە بەربژێر دەکرێن، بە دەنگدانی نهێنی و راستەوخۆ و زۆرینەی سادە پەسند دەکرێن و بە زۆرینەی رەهای دەنگی هەموو ئەندامەکانی دەگۆڕدرێن.
 
بەپێی دەستووری نێوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان، هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن سێ ساڵ جارێک دەبێت و ئەوان دەتوانن تەنیا بۆ دوو خول خۆیان بەربژێر بکەن.