هەولێر؛ لە کۆنفرانسێک 27 توێژینەوە بۆ پاراستنی منداڵان لە تووندتیژی پێشکێشکرا

رووداو دیجیتاڵ 

هەڕەشەی دیجیتاڵی و ئەلیکترۆنی بۆ سەر منداڵان، هەوڵدان بۆ بازرگانیکردن، بەکارهێنانیان بۆ کاری خراپ و چەند بابەتێکی دیکە، تەوەری کۆنفرانسی "پاراستنی منداڵ ئەرکی هەمووانە" بوون کە لە هەولێر بەڕێوەچوو.
 
لە کۆنفرانسەکەدا ژمارەیەک، توێژەری کۆمەڵایەتی، دایباب و بەرپرسانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی تێیدا بەشداربوون.
 
لەو کۆنفرانسە 27 توێژینەوە پیشکێشکرا، بەپێی توێژینەوەیەک کە خانمێکی ئەکادیمست ئەنجامی داوە، لە کوردستان توندوتیژی جەستەیی دژی منداڵان کەمی کردووە، بەڵام توندوتیژی دەروونی و سەرکۆنەکردن زیادی کردووە.
 
هاوکات "خێزانەکان زیاتر بەهۆکاری دەرنەچوونیان لە قوتابخانە لە منداڵەکانیان دەدەن نەک لەبەر هۆکاری پەروەردەیی."
 
د. نەزیرە ئیبراهیم، دکتۆرا لە دەروونزانیی کۆمەڵایەتی بە رووداوی گوت: "62٪ لەگەڵ ئەوەبوو کە دایک و باوکان لە منداڵەکانیان بدەن ئەگەر منداڵەکە دواکەوت لە قوتابخانە، بەڵام دایک و باوکەکان کەمترینیان پێیان وابووە کە دەبێت بەهۆی جگەرە کێشان یان کەرەستەی منداڵێکی دیکەی ببات یان لە منداڵێکی دیکەی دا. واتە تەنیا مەرج بۆ لێدان باش نەبوونە لە قوتابخانە".
 
هێڤین و رۆژگار هەردووکیان ئەکادیمیستن لە بواری دەروونزانی، بەڵام وەکو دایک و باوکێک بەشدارییان لە کۆنفرانسەکە کرد، ئەوان دوو منداڵیان هەیە، دەڵێن، "باشترین رێگە بۆ پەروەردەی دروستیی منداڵ سیستمی پاداشت و سزایە."
 
دکتۆر رۆژگار سەعدی، دەروونزانی کۆمەڵایەتییە بە رووداوی گوت: "سیستمی پاداشت و سزا ئەوەیە کە کاتێک منداڵێک کارێکی شیاو دەکات تۆ پاداشتی دەکەیت و کاتێکیش کاریکی خراپ دەکات پاداشتەکانی لێ وەردەگریتەوە، ئەوە باشترین رێگەیە کە وا دەکات منداڵ لەڕووی جەستەیی و دەروونییەوە باش گەشە بکات".
 
هێڤین سەمیع، توێژەرێکی دیکەیە و دەڵێت: "منداڵەکەی خۆم رۆژی کاژێر و نیوێک کاتی هەیە بۆ ئایپاد ئەگەر بزانم بێ گوێی دەکات یان هەڵەیەک دەکات، ئەوە من بۆ ماوەی رۆژێک ناهێڵێم ئاپیادەکەی بەکاربهێنێت یان دەیکەمە دوو رۆژ، ئەزنام پێی توڕە دەبێت، بەڵام ئەوە وادەکات کاریگەری ئەرێنی لەسەر هەبێت و ئیتر هەڵە نەکات".
 
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێن، دەبێت رێژەی توندوتیژیی بەرامبەر منداڵ بگەیێندرێتە سفر.
 
دکتۆر شێرزاد هرووری، بەڕێوبەری چاودێریی کۆمەڵایەتی دهۆک رایگەیاند: "ئێمە دەبێت جیاوازی بکەین لەنێوان چاودێری و پەروەردەکردندا، هەموو ئەو ئامارانەی هاتوونەتە بەردەستمان سەبارەت بە بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن دایک و باوکەوە بەرامبەر منداڵ ئەنجامی ئەرێنی هەبووە، بەڵام زۆرینەی جارەکان خاڵی نەرێنی زیاتر بووە".
 
بڕیارە راسپاردەکانی هەموو توێژینەوەکان و ئەنجامی کۆنفراسەکەش بدرێتە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەت بۆ باشتر پاراستنی منداڵان لە کوردستان.