فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانەی سەلاحەدینی ئەیوبی لە شاری گەڤەر لە جۆلەمێرگی باکووری کوردستان لە رێڕەوی خۆی دەرچوو

 
رووداو دیجیتاڵ

فڕۆکەیەک لەکاتی نیشتنەوەی لە فڕۆکەخانەی سەلاحەدینی ئەیوبی لە شاری گەڤەر لە جۆلەمێرگی باکووری کوردستان، لە رێڕەوی خۆی دەرچوو.
 
ئەمڕۆ هەینی 20ی ئەیلوول محەممەد یەشیلکایا، بەرپرسی راگەیاندنی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ئەنادۆڵ جێت لەبارەی رووداوەکە رایگەیاند، فڕۆکەکەیان کە لە جۆری بۆینگە، کاژێر 11:20 خولەکی پێشنیوەڕۆ لە فڕۆکەخانەی ئەسەنبۆغاوە لە ئەنقەرەوە بەرەو فڕۆکەخانەی سەلاحەدینی ئەیوبی لە شاری گەڤەر لە جۆلەمێرگی باکووری کوردستان فڕی و کاژێر 13:15 نیشتەوە.
 
یەشیلکایا راشیگەیاند، بەهۆی باران و خێرایی با، هەروەها بەهۆی بوونی قوڕ و لیتەیەکی زۆر لە گۆڕەپانەکە، فڕۆکەوانەکە لەکاتی نیشتنەوەدا کۆنترۆڵی فڕۆکەکەی لەدەستدا و فڕۆکەکە لە رێڕەوی خۆی دەرچوو.
 
عەلی چەلیک، پارێزگاری جۆلەمێرگ رایگەیاند، راستەوخۆ دوای نیشتنەوەی فڕۆکەکە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی و تیمەکانی دیکەی فڕۆکەخانە، بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو تەواوی سەرنشینەکانیان گواستەوە فڕۆکەخانە و دەست بە پشکنین کرا.
 
عەلی چەلیک باسی لەوەش کرد، رووداوەکە هیچ زیانێکی نەبووە و 185 سەرنشینەکە و حەوت کارمەندەکەی فڕۆکەکەش سەلامەتن.