ئەنجوومەنی باڵای پاراستنی منداڵان: لە رێگەی ئۆنلاینەوە بازرگانی بە منداڵانەوە دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای پاراستنی منداڵان دەڵێت، منداڵان لە رێگەی ئۆنلاین و سۆشیال میدیاوە، نەک تەنیا تووندوتیژی، بەڵکو بازرگانیشیان پێوە دەکرێت. گوتیشی، لە کۆنفرانسێکی تایبەتدا 27 توێژینەوە بۆ پاراستنی منداڵان دەخرێنەڕوو.
 
ئەمڕۆ 20-09-2024 لە پەراوێزی دووەم رۆژی "یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی پاراستنی منداڵ لە ئێستا و داهاتوودا،" فوئاد سدیق، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای پاراستنی منداڵان و سەرۆکی کۆنفرانسەکە بە هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "34 توێژینەوە لەبارەی چۆنێتیی پاراستنی منداڵان ئامادە کراون، بەڵام بەهۆی نەبوونی کاتەوە 27ـیان لە کۆنفرانسەکەدا پێشکێش دەکرێن."
 
فوئاد سدیق لەبارەی ئامانجی کۆنفرانسەکەوە گوتی، "لەم کۆنفرانسەدا چەندین راسپاردە دەخرێنەڕوو، کە خۆیان لە 29 خاڵدا دەبیننەوە؛ دوای ئەوەی لیژنەیەکی بەدواداچوونیان بۆ دادەنرێت، لە بەیانییەوە لەگەڵ هەموو دامودەزگاکان گفتوگۆ دەکرێت بۆ دۆزینەوەی میکانیزم و رێوشوێنێکی پێویست بۆ جێبەجێکردنی راسپاردەکان."
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای پاراستنی منداڵان باسی لەو گرفتانە کرد کە بەرەوڕووی منداڵ دەبنەوە و گوتی، "کێشەی منداڵ تەنیا کارکردن و سۆشیال میدیا نییە، بەڵکو کێشەکان زۆرن. منداڵ هەیە لە رێگەی ئۆنلاینەوە زۆر ئازاری جەستەیی و دەروونی دەدرێت، یان لەنێو خێزانێکی پەرتەوازەدایە و زۆر کێشەی دیکە هەن."
 
سەرۆکی کۆنفرانسەکە لەبارەی مەترسیی سۆشیاڵ میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر منداڵان هۆشداری دەدات و دەڵێت، "منداڵان لە رێگەی سۆشیال میدیاوە نەک تەنیا تووندوتیژی، بەڵکو بازرگانیشیان پێوە دەکرێت. لە رێگەی ئۆنلاینەوە بە فەیسبووک، وەتسئەپ و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی دیکە نامەیان بۆ دەنێردرێت، رادەکێشرێن و تووشی دۆخێک دەبن کە نازانن ئەوجار دەبێت چی بکەن."
 
توێژینەوەیەکی زانکۆی کالیفۆرنیا لە ئەمریکا دەریدەخات، زۆر بەکارهێنانی مۆبایل و سۆشیال میدیا ئەگەری تێکچوونی سیستمی خۆراک و کەمخۆری لە منداڵان زیاد دەکات کە دەستپێکێک دەبێت بۆ چەندین نەخۆشیی مەترسیدار.
 
فوئاد سدیق گوتیشی، "هەفتەی داهاتوو شاندێکی بەغدا سەردانمان دەکەن و لەگەڵ من دادەنیشن؛ دەمانەوێت کۆنفرانسێک [بە هاوبەشی] لەسەر کارکردنی منداڵان بەڕێوەببەین، ئەو منداڵانەی لە کارگە و کۆمپانیاکان کار دەکەن یان لەسەر شەقامەکان بازرگانییان پێوە دەکرێت." گوتیشی، بڕیارە شاندەکەی بەغدا رۆژی یەکشەممە بگەنە هەرێمی کوردستان و ئەگەر دانیشتنەکەیان ئەنجامی هەبێت، یاداشتێک لە نێوانیان واژۆ دەکرێت و کۆنفرانسەکە دەستپێدەکات.
 
بەگوێرەی نوێترین ئاماری رێکخراوی منداڵپارێزیی کوردستان کە 1ـی حوزەیرانی ئەمساڵ بە رووداوی داوە، 1247 منداڵ لە شەقامەکاندا کار دەکەن و زۆرینەیان لە سلێمانین؛ پاشان دهۆک و دواتر هەولێر. ئەو کەسانەی وەکو منداڵی کارکەر تۆمار دەکرێن، تەمەنیان لە دوو بۆ 14 ساڵە.