پۆلیسی سۆران 'هاکەرێککی مەترسیداری' دەستگیرکرد
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند، هاککەرێکی "مەترسیدار"ـیان دەستگیرکردووە، کە سەدان ئەکاونتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاککردووە و لەبەرامبەردا پارەی وەرگرتووە، بەپێی زانیارییەکان بەشێک لەو کەسانەی ئەکاونتیان هاککراوە کەسانی دیارن.
رۆژی چوارشەممە 20-9-2023 موقەدەم شەماڵ دێواری، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "دوای ئەوەی هاووڵاتییەک سکاڵای لەسەر کەسێک تۆمارکرد گوایە ئەکاونتەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک هاککردووە و هەڕەشەی مەترسیداری لێکردووە، تیمەکانی نەهێشتنی تاوانی سۆران ئەو هاککەرەیان دەستنیشانکرد و ناسنامەی تۆمەتبارەکە ئاشکراکرا."
موقەدەم شەماڵ دێواری گوتیشی "رۆژی 19ـی ئەیلوولی 2023، تۆمەتبارەکەمان دەستگیرکرد کەناوی (س. م. م.)ـە و لەدایکبووی ساڵی 2006ـە و دانیشتووی شاری سۆرانە، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا تۆمەتبار دانی بە تاوانەکەیدا نا کە ژمارەیەکی زۆر خەڵکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاککردووە، بەپێی گوتەکانی، ئەو لە بەرامبەر وەرگرتنی پارە، ئەو کارەی کردووە."
تۆمەتبارەکە بەپێی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران بە بڕیاری دادوەر راگیراوە بەپێی ماددە دوو لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، لێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو ئەو کەسەی دەستگیرکراوە ئەکاونتی سەدان کەسی هاککردووە کە بەشێکیان کەسانی دیاری ناوچەکەن.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران لە راگەیێندراوێکدا ژمارەی تەلەفۆنی ژووری کۆنترۆڵی پۆلیسی سۆرانی بڵاوکردووەتەوە، بۆ ئەوەی لە کاتی كێشە و گرفتەکاندا پەیوەندییان پێوەبکەن، کە ئەمانەن"104، 124، 134، 144"، هەروەها ئەم ژمارە تەلەفۆنەشی (07503330104) بڵاوکردووەتەوە، کە هاونیشتمانییان دەتوانن لە رێگەی ڤایبەر و وەتسئاپەوە پەیوەندییان پێوەبکەن.