رێباز حەملان: هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حەوت دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تاوەکو ئێستا 700 ملیار دینارەکە بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراوە، چاوەڕوان دەکەن پێنجشەممە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو پارەکە بگات. گوتیشی، سەرەتای هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات.
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بوولتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی: چاوەڕوانمان دەکرد لە نێوەڕاستی ئەم هەفتەیە پارەکەی عێراق بگاتە هەرێمی کوردستان، بەڵام پەیوەندییمان لەگەڵ بانکەکان کردووە تاوەکو ئێستا پارەکە نەنێردراوە، رەنگە سبەی یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو بانک رابسپێردرێت بە ناردنی پارەکە، لەگەڵ گەیشتنی پارە دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی حەوت دەکرێت، سەرەتای هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات.
لەبارەی دابەشکردنی مووچەی مانگی حەوت، رێباز حەملان جەختیکردەوە، "مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا رایگەیاندووە، لەگەڵ گەیشتنی 700 ملیار دینارەکە بە هەرێمی کوردستان، راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران بکرێت."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
رووداو: 700 ملیار دینارەکەی بەغدا کەی دەنێردرێت و کەی دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت؟
رێباز حەملان: رۆژی یەکشەممەی رابردوو لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاردرا بەوەی سێ جار سێ 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، چاوەڕوانمان دەکرد لە نێوەڕاستی ئەم هەفتەیە دووشەممە یان سێشەممە پارەکەی عێراق بگاتە هەرێمی کوردستان، بەڵام پەیوەندییمان لەگەڵ بانکەکان کردووە تاوەکو ئێستا پارەکە نەنێردراوە. بەپێی ئەو پەیوەندییانەی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کراوە رەنگە سبەی ئێوارە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو پارەکە بگاتە هەرێمی کوردستان، ئەو بڕیارەی کە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانیش باسکراوە ئەوەیە لەگەڵ گەیشتنی پارەکە دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی 7 دەکرێت، ئەگەر دووشەممە یان سێشەممە بهاتایە ئەوا ئەمڕۆ دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرا، سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بەدابەشکردنی مووچە بکرێت، چاوەڕوان دەکرێت سبەی ئاگادارکردنەوەی وەزارەتی دارایی بگاتە بانکی رەشید و رافیدەین.
رووداو: ناتوانرێت بە داهاتی نێوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت تاوەکو پارەکە لە بەغداوە دێت؟
رێباز حەملان: داهاتی نێوخۆ بە تێکڕا 300 ملیار دینارە، لەو پارەیە دەبێت 220 ملیار دیناری بخرێتە سەر ئەو پارەیەی لە بەغداوە دێت بۆ ئەوەی کورتهێنانی بودجەی پێپڕبکرێتەوە، چونکە وەزارەتی دارایی بۆ دابەشکردنی مووچە پێویستی بە نزیکەی 922 ملیار دینارە، هاوپەیمانانیش 28 ملیار دینار دەدەنە دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ مووچەی لیوا هاوبەشەکان، واتە بە کۆی گشتی وەزارەتی دارایی پێویستی بە نزیکەی 944 ملیار دیناری مانگانەیە بۆ دابەشکردنی مووچە، بۆ مووچەی خانەنشینی، مەدەنی و سەربازی، لەو 300 ملیار دینارە 80 ملیار دیناری کە کەمە و بەش ناکات بۆ کاروبارەکانی حکومەت بودجەی 'تشغیلی' بەکاردەهێنرێت، ئەو پارەیەی لەبەردەست ماوە زۆر کەمە و بەشی مووچە ناکات.
رووداو: بۆچی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان دواکەوت، پێتان وایە بە ئەنقەست ناردنی پارەکە دواخرابێت؟
رێباز حەملان: وەزارەتی دارایی عێراق دەیتوانی ئاسانکاری بۆ ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرایە، بەهۆی ئەو بارودۆخەی لە نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام ئەوە نەکراوە تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی ئاگادارکردنەوەی بۆ بانکی رەشید و رافیدەین نەناردووە، بەبۆچوونی من چاوەڕوان دەکرێت سبەی وەزارەتی دارایی بانکەکان رابسپێرێت، بەڵام ئەگەر ئاگادارکردنەوەکە بنێرن لقی بانکی ناوەندی لە هەولێر پارەی لەبەردەستدایە و لەگەڵ گەیشتنی ئاگادارکردنەوەکە پارەکە بەردەست دەبێت و دابەشکردنی مووچە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەستپێدەکات، بڕیاری ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران ئەوەیە لەگەڵ گەیشتنی پارەکە دەست بەدابەشکردنی مووچە بکرێت.
رووداو: ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریداوە؟
رێباز حەملان: بە دڵنیاییەوە بڕیاریداوە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی 7، هەرچەندە چاوەڕوانی ئێمە ئەوەبوو کە دووشەممە یان سێشەممە پارەکە بگەیشتایە.
رووداو: حکومەتی عێراق پارەکەی بۆ مووچەی مانگەکانی 9،10،11 ناردبوو، بەڵام هەرێمی کوردستان پارەکەی بۆ مووچەی مانگەکانی 7،8،9 تەرخانکرد بۆ وابوو؟
رێباز حەملان: شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە چوونە بەغدا دوو پلانیان خستووەتە بەردەم لایەنی عێراقی، لەو دوو پلانەی شاندی هەرێمی کوردستان پێشکێشی بەغدای کردبوو بۆ چارەسەرکردنی گرفتی مووچە یەکێکیان پێدانی قەرز بوو لە 1/7/2023 بۆ 31/12/2023 مانگانە 800 ملیار دینار بنێردرێت، تاوەکو پێشنیازی دووەم کە هەموارکردنەوەی یاسای بودجەیە دەکرێت، بەڵام حکومەتی عێراق تەنیا بۆ سێ مانگ پارەی نارد و 700 ملیار دیناریشی دیاریکرد ئەوەش مەرج نییە بڕیاری کۆتایی بێت، هەرچەندە هێشتا بڕیار نەدراوە کە بۆ مانگەکانی دیکە پارە نەنێرن، واتە ناردنی پارە بۆ شەش مانگ رەتنەکراوەتەوە، ئەو بڕیارە بۆ ئەوەیە بەڵکو لەماوەی ئەو سێ مانگە بگەنە رێککەوتنێک بۆ چارەسەری یاسای بودجە. پێشنیاز کراوە لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق پێکبهێنرێت بۆ گۆڕانکاریکردن لەو بڕگەیەی یاسای بودجە کە مووچەی هەرێمی کوردستانی خستووەتە نێو 'ئینفاقی فیعلییەوە'، ئێمە داوامان کردووە مووچە لە 'ئینفاقی فیعلی' دەربهێنرێت، چونکە ئەو بڕەی دانراوە ناتوانرێت بە داهاتی نێوخۆش ئەو کورتهێنانە پڕبکرێتەوە، بڕیارەکەی حکومەتی عێراقی ئەوەیە لە مانگی 9ـەوە هەموو مانگێک 700 ملیار دینار وەک قەرز بۆ هەرێمی کوردستان بنیرن ئەمە قەرزە و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئازادە بۆ چ مانگێک بەکاری دەهێنێت.
رووداو: مووچەی ئەم سێ مانگە مسۆگەر کراوە؟
رێباز حەملان: بە دڵنیاییەوە مووچەی ئەم سێ مانگە مسۆگەر کراوە، دانووستاندنەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق کۆتایی نەهاتووە و بەردەوامە و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و هەروەها د. فوئاد حوسێن بە بەردەوامی لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە، ئێمە شاندێکی دیکەمان هەیە بەردەوام لە دانوستاندایە لەگەڵ عێراق لەبارەی رەشنوسی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز، گفتوگۆکان کۆتایی نەهاتووە، مووچەی هیچ مانگێک نافەوتێت حکومەتی هەرێمی کوردستان داکۆکی لەسەر ئەوە دەکات.
رووداو: بۆ پێشنیازەکانی هەرێمی کوردستان وەک خۆی پەسند نەکرا؟
رێباز حەملان: لە عێراق هەموو بڕیارەکان لەدەستی سەرۆکوەزیراندا نییە هەرچەندە سەرۆکوەزیرانی تێگەیشتنی باشی هەیە بۆ چارەسەری کێشەکان هەموو هەوڵەکانی خستووەتەگەڕ، بەڵام کە کار دەگاتە یاسا ناچار دەبێت کار بە یاسا بکات، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد کە سەردانی لایەنە سیاسییەکان بکات بۆ ئەوەی کۆدەنگی دروست بکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
رووداو: ئەو سکاڵایانەی دژی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان کراون هیچ لێکەوتەیەکیان دەبێت؟
رێباز حەملان: پێم وانییە هیچ کاریگەرییەکی هەبێت لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی پێش چوونی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرکردەکانی عێراق قسەیکرد و ئەو هەوڵەی سەرۆک بارزانی زەمینەسازییەکی باشبوو بۆ دانوستاندنەکانی نێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە یەکڕیزی و یەکدەنگی دەچنە بەغدا و لەگەڵ لایەنەکانی عێراق دانوستاندن دەکەن، ئەوەش وایکرد دانوستاندنەکان ئەنجامی ئەرێنی هەبێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو نەرمییەک دەنوێنێت بۆ مووچە و قوتی خەڵکی کوردستان، بەڵام ئەو نەرمی نواندنە مانای ئەوە نییە کە هەرێمی کوردستان لاوازە.
رووداو: لایەنەکانی عێراق هیچ بەڵێنێکیان داوە لە هەمواری یاسای بودجە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە 'ئینفاقی فیعلی' لاببرێت؟
رێباز حەملان: گرفتەکە لە عێراق ئەوەیە کە دەسەڵاتەکە لای کەسێک نییە و ئەو دۆخەی لە بەغدا هەیە پێویستی بە کات دەبێت بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان، بابەتی مووچە بابەتێکی سیاسی نییە و بابەتێکە پەیوەندی بە ژیانی خەڵکەوە هەیە و ستەم دەکەن ئەگەر ئەو پرسە تێکەڵ بە کێشە سیاسییەکان بکەن، کاتێک سزای هەرێمی کوردستان دەدرێت سزای هەموو هەرێمی کوردستان دەدرێت بۆیە لەو پرسانەی پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە یەکڕیزی کاریگەری گەورەی هەیە و ئەو یەکدەنگیەی لە بەغدا هەبوو کاریگەری زۆری هەبوو.
رووداو: بەغدا دەڵێت هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی جێبەجێ نەکردووە؟
رێباز حەملان: لەسەرەتای فرۆشتنی نەوتەوە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە لە رێگەی بۆرییەوە، لەلایەن کۆمپانیای دیلۆیتەوە وردبینی کراوە و هەموو سێ مانگ جارێک راپۆرتی بڵاوکردووەتەوە و کۆمپانیای سۆمۆ نوێنەری هەبوو لە بەندەری جەیهان و ئاگاداری وردەکاری فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بووە، هیچ شتێکی شاراوە نەبووە، لە 25ـی مانگی شەشی ئەم ساڵەوە رۆژانە 90 بۆ 100 هەزار بەرمیلی نەوتی هەرێمی کوردستان رادەستی حکومەتی عێراق کراوە، لەبەرامبەردا بەغدا یەک دیناری بۆ تێچووی دەرهێنانی نەوت و کۆمپانیاکانی نەوت نەداوە، هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی جێبەجێکردووە، لە بابەتەکانی نەوت، گومرگ، داهاتی نێوخۆ و هاوئاهەنگی چاودێریی دارایی پابەندییەکانمان جێبەجێکردووە، خەرجی و میلاکاتیش خراوەتە بەردەست حکومەتی عێراق و ئەوەی داوایان کردووە پێیان دراوە، تەنانەت لە رێککەوتنی ئەمنیش پابەندبووین، ئەگەر وانییە دەتوانن بە نووسراوی فەرمی رایبگەیێنن کە هەرێمی کوردستان پابەندی چی نەبووە.
رووداو: کەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەستپێدەکاتەوە؟
رێباز حەملان: دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەبەر رێکنەکەوتنی عێراق و تورکیا ماوەتەوە، تورکیا ئامادەیە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام خاڵی ناکۆکی نێوان عێراق و تورکیا ئەو بڕیارەی دادگەی نێوبژیوانی پاریسە، تورکیا ئامادە نییە قەرەبووەکە بدات و عێراقیش رژدە لەسەر وەرگرتنی قەرەبووەکە. هەروەها هۆکارێکی دیکە ئەگەر هەرێمی کوردستان دەستبکاتەوە بە هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە ئەو بڕە پارەیەیە کە وەک تێچووی دەرهێنانی نەوت بۆ کۆمپانیاکان دانراوە، چونکە لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت سۆمۆ سەرپەرشتی دەکات و ئەو بڕە پارەیەی بۆ کۆمپانیاکان دانراوە لەگەڵ ئەو بڕەی هەرێمی کوردستان پێیدابوون جیاوازییان زۆرە، بڕەکەی زۆر کەمترە لەو بڕە پارەیەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت لەسەری رێککەوتووە، چونکە دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان سەختترە و جیاوازە لە ناوچەکانی عێراق، دانوستاندنەکان لەوبارەیەوە بەردەوامە چونکە راگرتنەکەی لە زیانی عێراقە.
رووداو: دەکرێت هەرێمی کوردستان بەبێ عێراق دەست بە هەناردەی نەوت بکاتەوە؟
رێباز حەملان: ئێمە رێککەوتنێکمان لەگەڵ عێراق کردووە و پابەندی رێککەوتنەکەی خۆمان دەبین، بەڵام ئێمە داوامانکردووە بەپێی ئەو رێککەوتنەی کراوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.