لە سلێمانی رۆژانە ‏‎ 400‎ملیۆن لیرەی سووری ئاڵوگۆڕی پێدەكرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

لە دەروازەی سێمالکاوە، کە لەنێوان باشوور و رۆژئاوای کوردستاندا هەڵکەوتووە، رۆژانە لیرەی سووری دێتە هەرێمی کوردستان. بازاڕە گەرمەکەشی لە سلێمانییە. گوتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی دەڵێت، رۆژانە 400 ملیۆن لیرەی سووری بازرگانیی پێوە دەکرێت.
 
جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی، بە تۆڕی ‏میدیایی رووداوی راگەیاند، لیرەی سووری بەشێوەیەكی بەرچاو بەهاكەی ‏دابەزیوە، ئەمەش وایکردووە ئاڵوگۆڕی لەسەر زۆر ببێت.
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو حەوت ساڵ لەمەوبەر یەك ملیۆن لیرەی سووری بە نزیكەی ‏‏17 هەزار دۆلار بوو، بەڵام ئەمڕۆ یەك ملیۆن لیرەی سووری بە نزیكەی ‏‏500 دۆلارە. بەرامبەر دیناریش نرخی ئەمڕۆی لیرەی سووری، یەك ملیۆن بە 575 هەزارە.
گوتەبێژەكەی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو رۆژانە ‏لە سلێمانی نزیكەی ‏‎ 400‎ملیۆن لیرەی سووری ئاڵوگۆڕی پێدەكرێت.
 
دوو جۆر لیرەی سووری دەچێتە بازاڕەکانی دراو، بەکارهاتوو و تازە، ئەوەی لە بازاڕ پێی دەڵێن "لۆک"، کە ملیۆنی 6 هەزار دینار لە بەکارهاتوو گرانترە. جەبار گۆران دەڵێت "زۆربەی بە لۆكی دێتە كوردستان و لە دەروازەی سێمالکاوە دێت، بەزۆریش بۆ ‏ناوەڕاست ‌و خواری عێراق دەڕوات، چونکە لەوێ بازاڕەکەی گەرمترە".