ناونووسین بۆ حەجی ساڵی 2024 دەستپێدەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، مانگی ئەیلوول ناونووسین بۆ حەج دەستپێدەکات و لیژنەیەکی تایبەت پێکدەهێنن بۆئەوەی هەموو ئەو کەسانە ببینن کە ناویان بۆ حەج دێتەوە، هەر کەسێک توانای حەجکردنی نەبوو رێگەی پێ نادرێت حەج بکات.
 
شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "مانگی ئەیلوول ناونووسین بۆ حەج دەستپێدەکات و نزیکەی دوو هەفتە بە هاونیشتمانیان دەدرێت بۆئەوەی سەردانی نووسینگەکانمان بکەن و خۆیان ناونووس بکەن، دواتر لە رێگەی تیروپشک لە تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ناوی ئەو کەسانە ئاشکرا دەکرێن، کە دەتوانن لە 2024دا حەج بکەن."
 
بڕیاربوو ناونووسینەکە بۆ حەج بە شێوەی ئۆنلاین بێت، بەڵام شێخ نیاز راغب نەقشبەندی دەڵێت، "ئۆنلاینەکە هەندێک کاری ماوە و تەواو نەبووە، ئێمەش پەلەمانە، بۆیە هەر لە رێگەی نووسینگەکانەوە خەڵک دەتوانن ناوی خۆیان تۆمار بکەن."
 
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان نایەوێت هەر کەسێک خواستی حەجکردنی هەبێت، ناوی خۆی تۆمار بکات. شێخ نیاز نەقشبەندی لەو بارەیەوە دەڵێت، "هەموو کەسێک توانای حەجی نییە. ئەمساڵ خەڵكمان لەگەڵ بوو تەمەنی 80 و 100 ساڵ بوو کە ئەوانە بۆ خۆشیان بوونە ئەرک، بۆیە لە بەرنامەدایە کە لیژنەیەک پێکبهێنین، ئەو لیژنەیە لە بەغداش هەیە بەناوی لیژنەی توانایی، ئەو کەسانەی کە ناویان بۆ حەج دێتەوە لیژنە دەیانبینێت، هەر کەسێک توانای حەجی نەبوو، رێگەی پێ نادرێت."
 
لە ساڵانی رابردوودا وەزارەتی ئەوقاف ناونووسینی بۆ حەج بۆ چەند ساڵێک رادەگەیاند، واتا خەڵک دەیتوانی لە 2017 بۆ 2020 ناوی خۆی بنووسێت، بەڵام ئەمساڵ ئەوە نەماوە، شێخ نیاز نەقشبەندی دەڵێت، "ئەوانەی ئەمساڵ ناو دەنووسن، ئەگەر ناویان هاتەوە ئەوە دەتوانن لە 2024 حەج بکەن، ئەگەر ناویان نەهاتەوە ئەوە سفر دەبێتەوە و پێویستە بۆ وەرزی داهاتووی حەج ناو بنووسن."
 
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "ئەوانەی لە 2017 ناویان تۆمار کراوە کە ئەو کات بۆ پێنج ساڵ بوو تیروپشک و 50 هەزار دیناریان داوە وەکو رسومات، بەڵام ناویان نەهاتووەتەوە، بۆ ئەمساڵ بەبێ بەرامبەر ناویان دووبارە دەکرێتەوە تیروپشک، تەنیا بە مەرجێک سەردانی نووسینگەکانمان بکەن و فۆرم پڕبکەنەوە، ئەگەر بێت و ناویان لە سیستم هەبوو، پێویست ناکات ئەو کەسانە 50 هەزار دینار بدەن."
 
ئەمساڵ 4685 حاجیی هەرێمی کوردستان فەریزەی حەجیان بەجێهێنا، کە 720ـیان بە رێگەی وشکانی و ئەوانی دیکە بە رێگەی ئاسمانی سەردانی سعودیەیان کرد.