ئاگری دارستانی مەڕەش لەدوای 24 کاژێر لە هەڵگیرسانی، کوژێندرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئاگری دارستانەکانی شارۆچکەی ئاندرینی سەر بە پارێزگای مەرەش لە باکووری کوردستان، دوای 24 کاژێر لە هەڵگیرسانی، کوژێندرایەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دارستانەکانی مەڕەش رایگەیاندبوو، بەیانیی رۆژی شەممە (19ـی ئابی 2023) ئاگر لە دارستانەکانی سەر بە شارۆچکەی ئاندرین لە پارێزگای مەڕەش کەوتەوە. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە له رێگەی هێلیکۆپتەر و ئامێرە جیاوازەکانەوە، لە ئاسمان و زهوییهوه ههوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەیان دا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دوای زیاتر لە 24 کاژێر لە هەوڵی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، کە لە ناوچەیەکی سەختدا کەوتبووەوە، ئاگرەکە کوژێندرایەوە.
بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان؛ دوو فڕۆکە، هەشت هێلیکۆپتەر، 24 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە، پێنج تانکەری گەورەی ئاو، 12 شۆفڵ و 300 کارمەند رەوانەی شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە کران. هەروەها بۆ تەشەنەنەکردنی ئاگرەکە، تیمی ئاگرکوژێنەوە لە پارێزگاکانی عوسمانییە، ئادانا و هاتای رەوانەی شوێنی رووداوەکە کرابوون.
بەگوێرەی زانیارییەکان، نزیکەی 20 هێکتار زەویی دارستانەکانی پارێزگای مەڕەش بەهۆی ئاگرەکەوە سووتان.
رۆژی 6ـی حوزەیرانی 2023، یەکەم ئاگر لە دارستانەکانی پارێزگای موغڵا کەوتەوە. 29ـی تەممووزی 2023، ئیبراهیم یوماکڵی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا رایگەیاند، لە هەزار و 22 رووداوی ئاگرکەوتنەوەدا کە ئەمساڵ لە سەرتاسەری تورکیا و باکووری کوردستان روویانداوە، نزیکەی شەش هەزار و 900 هێکتار دارستان و پاوان سووتاون.
ساڵی رابردوو، 203 ئاگر لە دارستانەکانی 31 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان کەوتنەوە. بەهۆیەوە 10 هەزار و 446 هێکتار زەوی دارستانەکان زیانیان بەرکەوت و 149 کەس بریندار بوون و سێ کەس گیانیان لەدەستدا، یەکێکیان هاووڵاتی تورکیا و دووانیانیشیان هاووڵاتیی رووسیایی بوون.
لە 2021، ئاگر لە 299 دارستانی 53 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا کەوتەوە. لە ئەنجامدا، 178 هەزار هێکتار زەوی دارستانەکان سووتان. هەشت کەس گیانیان لەدەستدا و هەزار و 510 کەسیش بریندار بوون.