یەکێتی 27-09-2023 کۆنگرەی پێنجەم دەبەستێت
رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە کەرکووک بە سەرۆکایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی بڕیاردرا رۆژی 27ـی ئەیلوولی 2023 کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ببەسترێت.
رۆژی یەکشەممە 20-08-2023 بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان مەکتەبی سیاسیی حیزبەکە لە کەرکووک کۆبووەوە.
لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کردووە، "یەکێتی لەسەر هێڵە نیشتمانی و کوردستانییەکان بۆ داکۆکیکردن لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەردەوامە، هەروەها جیاکردنەوەی دۆسیەی ململانێی سیاسیی لایەنەکان و نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لە پێشینەی کارەکانمانە و ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەمان لای یەکێتی هێڵی سوورە و بە هەموو شێوەیەک داکۆکی لێدەکەین."
کۆبوونەوەکە لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە کەرکووک ئەنجامدراوە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، تەوەرە سیاسییەکان، کاری رێکخراوەیی و ئۆرگانەکان و ئەنجامدانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی گفتوگۆی لەبارەوە کراوە و تێیدا هاتووە، "وەک ئیستحقاقی حیزبی، دیموکراسی، لەپێناو جۆشدانەوەی گیانی یەکێتیبوون، بڕیاردرا رۆژی 27ـی ئەیلوولی 2023 کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ببەسترێت."
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، "بافڵ تاڵەبانی جەختی لە پاراستنی ئەو پرەنسیپە گرنگە کردەوە و رایگەیاندووە، ستراتیژی نەگۆڕمان لە خزمەتی گەلەکەماندایە و کەرکووکیش کە بەشێکە لە جەستەی یەکێتی، وەک قودسی کوردستان دەمێنێتەوە و پارێزگاری لە گیانی پێکەوەژیان دەکەین."
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بافڵ تاڵەبانی "بە خۆشحاڵییەوە هەڵوەستەی لەسەر پەیوەندییە گەشەسەندووەکانی یەکێتی لەسەر ئاستی کوردستان، عێراق و نێودەوڵەتی کرد و ئەوەشی بۆ یەک هەڵوێستی و یەک بڕیاری سەرکردایەتیی یەکێتی گەڕاندەوە."