یەکشەممەی داهاتوو دەرماڵەی سێ مانگی خوێندکارانی زانکۆی سەلاحەدین دابەش دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین رایگەیاند، خوێندکاران دەتوانن لە 23ی تەممووزەوە سەردانی کۆلێژەکانیان بکەن بۆ وەرگرتنی دەرماڵە. لە زانکۆکانی دهۆک و سلێمانیش بەهۆی دابین نەکردنی پارە، دیار نییە کەی دەرماڵەی خوێندکاران دابەشدەکرێت. هەرچی زانکۆی گەرمیانە دەرماڵەی دوو مانگی خوێندکارانی دابەشکردووە.
رۆژی پێنجشەممە 20-07-2023 سامان عەبدوڵڵا، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "قوتابیان دەتوانن رۆژی یەکشەممە سەردانی یەکەی ژمێریاریی کۆلێژەکانیان بکەن بۆئەوەی دەرماڵەی سێ مانگ پێکەوە وەربگرن."
بە گوتەی بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین، ئەو دەرماڵەی دابەشدەکرێت هی مانگەکانی 10، 11 و 12ی 2022وە و دەڵێت، "دوای دابەشکردنی دەرماڵەی ئەو سێ مانگە، دەرماڵەیەکی دیکەش دابەشدەکرێت."
تاوەکو ئێستا تەنیا لە زانکۆی گەرمیان دەرماڵەی دوو مانگی خوێندکاران دابەشکراوە. رۆژی دووشەممە 17ی تەممووز دەرماڵەی مانگەکانی 10 و11ی 2022ـیان دابەشکرد.
زانکۆی دهۆک نزیکەی 23 هەزار خوێندکاری هەیە و تائێستا دەرماڵە دابەشنەکراوە. مەروان فەندی، بەڕێوەبەری ژمێریاریی زانکۆی دهۆک بە رووداوی گوت، دەرماڵەی مانگەکانی 9، 10، 11 و 12ی 2022ـیان دابەشنەکردووە کە پێویستی بە دوو ملیار و 747 ملیۆن 885 هەزار دینارە، هاوکات دەرماڵەی پێنج مانگی 2023یان دابەشنەکراوە کە نزیکەی چوار ملیار دیناری پێویستە.
بە گوتەی مەروان فەندی، هێشتا دیار نییە کەی دەرماڵە دابەشدەکەن، چونکە نە بڕیاریان بەدەست گەیشتووە و نە پارەیان بۆ دابینکراوە.
پێشڕەو حەمەجان، جێگری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران 17ی ئەم مانگە بە رووداوی گوت، "زانکۆی سلێمانی نزیکەی 23 هەزار خوێندکاری هەیە. بۆ دابەشکردنی دەرماڵەی یەک مانگی خوێندکاران زیاتر لە 700 ملیۆن دیناری پێویستە. ئەو بڕە پارەیەش زۆرە و پێویستە ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی بدات، چونکە وەزارەت ناتوانێت رەزامەندی لەسەر زیاتر لە 500 ملیۆن دینار بدات."
پێشڕەو حەمەجان گوتیشی، "سەرەتا ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر پێدانی دەرماڵە داوە؛ وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و داراییش رەزامەندییان لەسەر داوە، بەڵام پێویستمان بە یەک رەزامەندیی دیکەی ئەنجوومەنی وەزیرانە و دواتر مانگانە بەردەوام دەبین لە دابەشکردنی دەرماڵە، چونکە بانکی ناوەندیی هەرێم دەڵێت، لە سلێمانی ناتوانێت پارەی چوار مانگ پێکەوە دابین بکات."
رۆژی چوارشەممە 22-02-2023 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی دا لەسەر بەردەوامی و خەرجکردنی زیاتر لە حەوت ملیار و 250 ملیۆن دیناری مانگانە وەکو پاڵپشتی بۆ خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێمی کوردستان و دابینکردنی خزمەتگوزاریی بەشە ناوخۆییەکان بۆ ساڵی خوێندنی 2022 و 2023.
بەگوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو گوژمەیە ھاوشێوەی ساڵی خوێندنی 2021 و 2022ە و لەسەر بودجەی زانکۆ و پەیمانگەکان تەرخان دەکرێت.
بڕی پاڵپشتییە داراییەكە 40 هەزار دینارە بۆ خوێندكارانی نێو شار و 60 هەزار دینارە بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار.