یەکەم دانیشتنی کاراکردنەوەی مادەی 140 کرا و سەرۆکی لیژنەکە دەڵێت هەموو هەفتەیەک کۆدەبنەوە


رووداو دیجیتاڵ

لە بەغدا یەکەم کۆبوونەوەی کاراکردنەوەی مادەی 140 بەڕێوەچوو کە بەلای بەشێک لە پەرلەمانتارانی عەرەب بە مردوو ناودەبرا. جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە خۆی کەرکووکییە، سەرۆکایەتیی کاراکردنەوەی لیژنەی مادەی 140 دەکات و دەڵێت، تاوەکو جێبەجێکردنی تەواوی مادەکە ناوەستن. 
 
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "دواجار ھەموو فراکسیۆن و لایەنە سیاسییەکانمان رازیکرد ئەندامیان بنێرن و لیژنەکە کاراکرایەوە بە سەرۆکایەتیی خۆمان. ئەو لیژنەیە بەردەوام دەبێت و بڕیاریشماندا ھەموو ھەفتەیەک لەگەڵ دانیشتنەکانی پەرلەمان، دانیشتنی لیژنەی مادەی 140یش بکرێت، زۆر گرنگە بەلای ئێمەوە. جگە لەمەش کۆمەڵێک رێکاری دیکە ھەیە دەیگرینە بەر، ھەموو ئەمانە چارەسەر دەکەین و بەشێوەیێکی ئەکتیڤ لیژنەکە بەردەوام دەبێت لە کارەکانی."
 
یەکێک لە ھەنگاوەکانی لیژنەی کاراکردنەوەی مادەی 140، ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشە، بەشێک لە ئەندامانی لیژنەکە وای دەبینن دەرکردنی ئەو یاسایە لە پەرلەمان لە بەرژەوەندیی تەواوی پێکھاتەکانی عێراقە و زیانی بۆ ھیچ لایەک نابێت. 
 
ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، "بەشێوەیەکی گشتی لە زۆربەی بۆنەکاندا دووپاتمانکردووەتەوە لەگەڵ حکومەتەکانی پێشووش ئەو زەوییانەی لە خاونەکانیان سەندراوەتەوە لە تورکمان و کورد تەنانەت عەرەبیش، بۆ نموونە لە ناوچەی رجێبات عەرەبەکان زەوییەکانیان زەوتکراوە، ئەم بڕیارە دژی عەرەب نییە، با وێنەکەیان بۆ روونبکەمەوە، بڕیارەکانی مەجلیس قیادەی سەورە کە ئێمە لە پەرلەمان ھەڵیدەوەشێنینەوە، ھەموو کەسێک مافی خۆی وەردەگرێت، ئەگەر عەرەب یان کورد یان تورکمان مافیان خورابێت وەری دەگرنەوە، ئەم بڕیارانە بەشێکە لە ناوچە جێناکۆکەکان کە بۆچوونی جیاوازی لەلای لایەنە سیاسییەکان دروستکردووە کاتێک دێتە پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدەین و ماف بۆخاوەنەکان دەگێڕینەوە."
 
بەپێی داتای لیژنەی کاراکردنەوەی مادەی 140، چوار ترلیۆن دیناریان پێویستە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی مادەی 140 دەیانگرێتەوە، کەچی تەنیا 200 ملیار دیناریان بۆ تەرخانکراوە.