جووتیارانی هەولێر بەهۆی وەرنەگرتنی گەنمەکانیان لە گردبوونەوەکەیان بەردەوامن
رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە هەفتەیەکە بەشێک لە جووتیارانی هەولێر بەهۆی وەرنەگرتنی گەنمەکانیان لەپێش سایلۆی هەولێر گردبوونەتەوە. جووتیارێک دەڵێت، "گەنمەکانمان لە پشکنینی سایلۆی هەولێر دەرچووە، بەڵام کۆمپانیای خۆشناو وەریناگرێت." بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێریش دەڵێت، "کۆمپانیای خۆشناو پشکنینی خۆیان هەیە و ئەو جۆرە گەنمەی جووتیاران باسی دەکەن، گەنمی سوورە و کۆمپانیای خۆشناو وەریناگرێت، چونکە بۆ ئاردی سفر نابێت."
ساڵی پار، بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، ئەمساڵ بەهۆی زۆریی گەنمەوە، عێراق تەنیا 500 هەزار تۆنی بۆ هەرێمی کورستان دیاریکرد. ئەوەش گرفتی بۆ جووتیاران دروستکردووە، چونکە جووتیارێکی زۆر گەنمیان ماوە. بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتەش وەزارەتی بازرگانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کۆمپانیای خۆشناو 100 هەزار و قەیوان 100 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەردەگرن.
رۆژی پێنجشەممە 20-07-2023 ساڵح سەباح، یەکێک لەو جووتیارانەی لە گردبوونەوەکەی پێش سایلۆی هەولێر بەشدارە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە پێنجشەممەی رابردووەوە لەپێش سایلۆی هەولێر گردبووینەتەوە، چونکە کۆمپانیای خۆشناو گەنمەکانمان وەرناگرێت و کەس بەدەممانەوە نەهاتووە، بەشێکی زۆرمان لە سایلۆی هەولێر پشکنین بۆ گەنمەکانمان کراوە، بەڵام کە دەچێتە کۆمپانیای خۆشناو و پشکنینی بۆ دەکەن گرفتمان بۆ دروست دەکەن و دەڵێن، گەنمەکانتان لە پشکنین دەرنەچووە."
بە گوتەی ساڵح سەباح، نزیکەی 100 جووتیار دەبن کە نزیکەی 18 هەزار تۆن گەنمیان ماوە و پێویست بوو رادەستی سایلۆی هەولێری بکەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەغدا بڕێکی دیاریکراوی بۆ سایلۆ دانابوو، نەتواندرا بە سایلۆی بفرۆشنەوە، بۆیە بڕیاربووە کۆمپانیای خۆشناو ئەو گەنمەیان لێ وەربگرێت و دەڵێت، "یەکەم رۆژ 25 بارهەڵگر بۆ کۆمپانیای خۆشناو نێردرا 15یان رەتکردەوە، دوێنێ بە هەمان شێوە لە 25 بارهەڵگر 13ـەیان رەتکردەوە.."
ساڵح سەباح گوتی، "بڕیار بوو کۆمپانیای خۆشناو گەنمەکانمان بە نرخی حکومەت وەربگرن، بەڵام جگە لەوەی کە گەنمەکانمان بە دوو پشکنین تێپەڕ دەبێت، بەو نرخەش وەرناگیرێت کە رێککەوتنی لەسەر کراوە، گەنمەکە بە کەمتر لە 700 هەزار و 600 هەزار دینار وەرگیراوە."
سەعید عومەر، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پشکنینی سایلۆکەمان و کۆمپانیای خۆشناو جیاوازە، چونکە کوالێتیی ئەو گەنمەی ئێمە وەریدەگرین و ئەوەی ئەوان وەریدەگرن جیاوازە، ئەوان هەندێک جۆری گەنم، بەتایبەتی گەنمی سوور، وەرناگرن؛ چونکە بۆ ئاردی سفر نابێت."
بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر رەتیکردەوە کۆمپانیای خۆشناو وەکو پێویست گەنمی جووتیاران وەرنەگرێت و گوتی، "تائێستا نزیکەی 120 بارهەڵگر گەنمیان وەرگرتووە."
لەبارەی نرخی وەرگرتنی گەنم لەلایەن کۆمپانیای خۆشناو، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر دەڵێت، "بڕیار بوو کۆمپانیای خۆشناو گەنم بە نرخی حکومی، کە 850 هەزار دینار بوو، وەربگرێت؛ بەڵام ئەوە بەگوێرەی کوالێتیی گەنم دەگۆڕێت، چونکە لە پشکنین مەرج نییە ئەو نرخە بکات، رەنگە لەو نرخە کەمتر بێت. لە سایلۆی هەولێریش کە گەنم بۆ بەغدا وەردەگیرا، راستە نرخی 850 هەزار دینار دیاریکرابوو، بەڵام مەرج نەبوو بەو نرخە هەموو گەنمێک وەربگرین و بەگوێرەی کوالێتی دەگۆڕا."
ئەمساڵ حکومەتی عێراق تەنیا 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت؛ 230 هەزار تۆنی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە؛ 145 هەزار تۆنی پارێزگای هەولێر و 125 هەزار تۆنی پارێزگای دهۆک.