لە کرماشان هەزاران ماسی بەهۆی کەمبوونەوەی ئاو مرداربوون
رووداو - هەولێر
لە رۆژانی رابردوودا بە هەزاران ماسی لە رووباری دینەوەری پارێزگای کرماشاندا مرداربوون. رێکخراوی پاراستنی ژینگەی کرماشان هۆکارەکەی بۆ کەمبوونەوەی ئاوی ئەو رووبارە گەڕاندووەتەوە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی پارێزگای کرماشان، پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی رابردوودا نزیکەی 15 هەزار ماسی لە رووباری دینەوەردا مردار بووبن.
فەرشاد فەتاحی، بەڕێوەبەری پاراستنی ژینگەی پارێزگای کرماشان دەڵێت، وشکەساڵی و کەمبارانی، دروستکردنی بەنداو، بەکارهێنانی لە رادەبەدەری ئاو و دروستکردنی بەربەست لەسەر ئاوی رووبارەکە بۆ گواستنەوەی ئاوەکەی بۆ کشتوکاڵ و باخداری، بوونەتە هۆی ئەوەی کە ئاوی رووبارەکە بە رێژەیەکی بەرچاو کەم بکات و ئۆکسجینی کەم بە ماسییەکان بگات و هەر ئەمەش لە دوو هەفتەی رابردوودا مردنی ماسییەکانی لێکەوتووەتەوە.
فەرشاد فەتاحی دەشڵێت، داوایان لە دامەزراوەی ئاوی کرماشان کردووە بەشێک لە ئاوی بەنداوی جامیشان، سەر بە شاری سونقور و کولیایی بەر بدرێتەوە، بەڵام هێندە بە هەڵمبوون و بەکارهێنانی زۆر بووە، بووەتە هۆی مرداربوونی ماسییەکان.