CPT: تۆپبارانەکەی زاخۆ لە چیای خاکیرەوە کراوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیمان لێ ئاگادارکردووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

رێکخراوی ئاشتی جیهانیی ئەمریکی (CPT) رایگەیاند لە دەستپێکی شەڕی تورکیا لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئەمڕۆ زۆرترین کەسی سڤیل لە رووداوەکەی بۆردوومانکردنی گوندی پەرەخی شارۆچکەی دەرکار بوونەتە قوربانی کە 9 کوژراو و 23 بریندارن، دەشڵێت: "راپۆرتمان لەبارەی رووداوەکەوە گەیاندووەتە هەموو ناوەندە جیهانییەکان."
 
رۆژی چوارشەممە، 20-7-2022، کامەران عوسمان، ئەندامی  تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی، لەبارەی هێرشەکەی سەر گوندی پەرەخی شارۆچکەی دەرکار رایگەیاند: "هێرشەکەی ئەمڕۆ زۆرترین قوربانیی سڤیلی لێکەوتووەتەوە لەوەتەی تورکیا بۆردوومانی شوێنەکانی نیشتەجێبوونی کردووە کە خەڵکی سڤیلی لێ بوونەتە قوربانی، بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکە بوونە قوربانی لە درێژەی ئەو شەڕە لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 138 کەس، 129یان هاونیشتمانی هەرێمی کوردستانن، هەروەها 204 کەسیش برینداربوون کە 195یان هاونیشتمانی هەرێمی کوردستانن."
 
سەبارەت بە بۆردوومانەکەی ئەمڕۆی گوندی پەرەخی شارۆچکەی دەرکاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کە بە دووری 8 کیلۆمەتر دەکەوێتە سنووری نێوان پارێزگای دهۆک لە هەرێمی کوردستان و تورکیاوە و بە "چوار مووشەک بۆردومانکرا" و ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتەوە، ئەندامەکەی سی پی تی گوتی: "لە ساڵی 2020 و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی چنگی هەڵۆ و چنگی پڵنگ، تورکیا دوو بنکەی سەربازی لەسەر چیاکانی خامتیر و گرێ کۆخێی سنووری گوندی پەرەخ دانا و ئەو هێرش و بۆردوومانەی رۆژی چوارشەممە کردی لە بنکەکەی سەر چیای خامتیر بووە."
 
رۆژی 15ـی حوزەیران تورکیا ئەو گوندەی بۆردوومانکردووە و لە ئەنجامدا کوڕ و باوکێک بەناوەکانی نەزیر عومەر و محەممەد نەزیر عومەر برینداربوون.
 
تۆپبارانەکە، کە تورکیا رەتیدەکاتەوە لەلایەن سوپاکەیەوە کرابێت، کاردانەوەی لە هەرێمی کوردستان و زۆربەی سەرکردەکانی عێراقی بەدواداهات. هەندێک لە سەرکردە عێراقییەکان داوای پچڕاندنی پەیوەندییان لەگەڵ تورکیا کرد، حکومەتی عێراقیش بڕیاری دا، بانگهێشتی باڵیۆزی تورکیا بکات.