ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ رووداو: پێکەوەکارکردنمان لەگەڵ هەسەدە بەردەوام دەبێت
رووداو- واشنتن دی سی
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت، پێکەوە کارکردنی نێوان هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە بەردەوام دەبێت بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی داعش لە سووریا.
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رۆژی سێشەممە، 20-6-2023، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا لە واشنتن و لە وەڵامی رووداودا راگەیاند، داعش لاواز بووە، بەڵام هێشتا لە سووریا و عێراقیش مەترسییە و هەربۆیە پێکەوە کارکردنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لەگەڵ هەسەدە بەردەوام دەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشەیە.
پرسیارەکەی رووداو لەبارەی ئەو هێرشە بوو ئەمڕۆ کرایە سەر رۆژئاوای کوردستان و لە ئەنجامدا سێ کەس گیانیان لەدەستدا. جۆن کێربی وەڵامی ئەو پرسیارەی نەدایەوە کە ئایا واشنتن لە هەوڵدایە تاوەکو لەگەڵ تورکیا و هەسەدە قسە بکات و دۆخەکە هێور بکاتەوە.
بەڵام کێربی گوتی، واشنتن لە نیگەرانییەکانی تورکیا تێدەگات، چونکە "تورکیا کێشەی ئاسایشی لەسەر ئەو سنوورە هەیە؛ تورکیا قوربانی دەستی هێرشی تیرۆریستییە لەسەر ئەو سنوورە؛ ئێمە لەوە تێدەگەین. لەوەش تێدەگەین کە دەبێت تورکیاش تێبگات کە ئێمە چی دەکەین لە سووریا؛ بۆچی ئەو کارە دەکەین؛ لەگەڵ کێ دەیکەن و بۆچی لەگەڵ ئەوان دەیکەین".
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ جۆن کێربی:
رووداو: سوپاس، دیار کوردەم لە تۆڕی میدیایی رووداو؛ دەمەوێت ئەم هەلە بقۆزمەوە بۆ ئەوەی پرسیارێک لەبارەی سووریاوە بکەم؛ تورکیا هێرشە ئاسمانی و درۆنییەکانی لەسەر باکووری رۆژهەڵاتی سووریا چڕ کردووەتەوە. ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێکیان کردە ئامانج.
جۆن کێربی: ببوورە، کێ ئەم هێرشەی کردووە
رووداو: تورکیا هێرشێکی ئاسمانی لە رێگەی درۆنەوە کردە سەر ئۆتۆمبێلێک و هاوسەرۆکی قامشلۆ و سێ کەسی دیکە بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستدا. ئێوە لەوبارەوە هیچ پەیوەندییەکتان بە هێزەکانی سووریای دیموکرات و تورکیاوە کردووە تاوەکو دۆخەکە هێوربکەنەوە؟
جۆن کێربی: من ئەو هەواڵانەم نەبینیون. لەسەر ئەو راپۆرتە تایبەتە قسەکردن رەتدەکەمەوە، چونکە نەمبینیوە؛ دووبارە جەخت دەکەمەوە کە ئەرکی ئێمە لە سووریا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدایە. لەگەڵ هەسەدە کاردەکەین بۆ ئەوەی رووبەڕووی داعش ببینەوە. سەرەڕای ئەوەی ئێستا داعش زۆر لاوازترە، بەڵام هێشتا مەترسییەکە لە سووریا و تەنانەت لە عێراقیش. هەربۆیە لەو کارە بەردەوام دەبین بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەسەدەی هاوبەش. بێ ئەوەی لەسەر ئەو راپۆرتە قسە بکەم، ئێمە هێڵی پەیوەندییمان لەگەڵ تورکیا کراوەیە، تورکیا کێشەی ئاسایشی لەسەر ئەو سنوورە هەیە، تورکیا قوربانی دەستی هێرشی تیرۆریستییە لەسەر ئەو سنوورە، ئێمە لەوە تێدەگەین. لەوەش تێدەگەین کە دەبێت تورکیاش تێبگات کە ئێمە چی دەکەین لە سووریا؛ بۆچی ئەو کارە دەکەین؛ لەگەڵ کێ دەیکەن و بۆچی لەگەڵ ئەوان دەیکەین. دووبارە دەیڵێمەوە ناتوانم هیچ روونکردنەوەیەکی زیاتر لەسەر ئەو راپۆرتە بدەم.