کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر: نرخی گۆشتی سوور 15% گرانتر بووە بەراورد بە پار
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر دەڵێت: "بەراورد بە پار، نرخی گۆشتی سوور 15٪ گرانبووە، خواستیش لەسەر گۆشت لەلایەن رێکخراوەکانەوە 70٪ کەمبووەتەوە، لەلایەن هاووڵاتییانیش خواست زۆر کەمبووەتەوە." قەسابێکیش لە مەیدانی ئاژەڵان دەڵێت: "پار رۆژانە 30 بۆ 40 سەرئاژەڵم دەفرۆشت، ئەمڕۆ تائێستا تەنیا شەش دانەم فرۆشتووە."
لە بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق تای خوێنبەربوون بڵاوبووەتەوە. بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی، پارێزگای هەولێر هاوردەکردنی ئاژەڵی لە پارێزگاکانی عێراقەوە راگرتووە، ئەوەش یەکێکە لە هۆکارەکانی گرانبوونی نرخی گۆشتی سوورە. دوانیوەڕۆی دوێنێ دووشەممە لەبارەی کردنەوەی سنوورەکان لەگەڵ بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق لە هەولێر کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو. بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر دەڵێت، "بەهۆی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون لە کۆبوونەوەکە هیچ بڕیارێک نەدراوە."
رۆژی دووشەممە، 20-06-2023، هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیارێکی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان هەیە کە دەڵێت: هەر پارێزگایەک کە نەخۆشی تێدا بڵاونەبووەتەوە، دەتوانێت هاوردە و هەناردەی خۆی بکات، ئەو پارێزگایانەش کە کێشەیان هەیە تا دوو هەفتە دەبێت لە ژێرچاودێریی بن، ئەگەر دوای دوو هەفتە هیچ شتێک تۆمارنەکرا، ئەوانیش دەتوانن هارودە و هەناردە بکەن."
سەبارەت بە ئەنجامی کۆبوونەوەی دوێنێش، هەڵمەت هەمزە گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئەو پارێزگایانەی عێراق کە تای خوێنبەربوونی تێدا بڵاونەبووەتەوە، بڕیاردرا ئەو بڕیارەی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ پارێزگاری هەولێر بنێردرێت بۆ ئەوەی ئەو بڕیار لەبارەی کردنەوەی سنوورەکان بدات. ئێستا چاوەڕوانی بڕیاری پارێزگاری هەولێرین."
بەگوێرەی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر، ئەگەر دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق بکرێتەوە، راستەوخۆ نرخی گۆشتی سوور دانابەزێت و دەڵێت: "راستەوخۆ کاریگەری لەسەر نرخ نابێت، چونکە تازە درەنگە، ماوەیەکی دەوێت بۆ ئەوەی نرخ دابەزێت."
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر دەڵێت: "ئێستا نرخی گۆشتی سوور زۆر گرانە، بەراورد بە پار ساڵ 15٪ بەرزبووەتەوە ئەوەش یەکجار زۆرە، نرخی زیندووی بەرخ واتە بە زیندەقەپان 7750 دینارە و گۆشتەکەی بە 16 هەزارە. نرخی ئاژەڵی گەورەش لە حەوت هەزار دینار بۆ حەوت هەزار و 250 دینارە، کە ئەویش گۆشتەکەی بە 15 هەزار دینار دەبێت، ئەوەش لە قەسابخانەکانە ئەگینا لە دەرەوە نرخەکان گرانتریشە."
بە گوتەی هەڵمەت هەمزە، خواست لەسەر ئاژەڵ کەمبووەتەوە، پار رێکخراوەکان وەک دەزگای خێرخوازیی بارزانی و کۆمەڵێک رێکخراوی دیکە مانگێک پێش جەژنی قوربان ئامادەکارییان دەکرد، ئێستا لەلایەن ئەو رێکخراوانەوە خواست 70٪ کەمبووەتەوە. دەشڵێت: "بۆ خەڵک ئێمە خشتەیەکمان هەیە بۆ تایبەتەکان، واتا ئەوانەی دۆست و ناسیاون و پێش وەختە داوای ئاژەڵ دەکەن، ئەوانە پار تا ئەم کاتە نزیکەی 57 کەس ناویان نووسیبوو، ئێستا تەنیا چوار کەس داوای کردووە، کە ئەو کەمبوونەوەیە بەشێکی بەهۆی نرخ و بەشێکی بەهۆی ترسی خەڵکە لە تای خوێنبەربوون، ئەوە جگە لەوانەی، کە لە رۆژی جەژن یان دوو سێ رۆژ پێش دێنە قەسابخانەکان و راستەوخۆ داوای ئاژەڵ دەکات."
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، هەر تاکێکی هەرێمی کوردستان ساڵانە 14.4 کیلۆگرام گۆشت دەخوات، واتە بە گشتیی هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 88 هەزار تۆن گۆشتی سوورە.
شوان عەوڵا، قەسابە لە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر و بە رووداوی گوت: "بازاڕمان خراپە، چونکە نرخی ئاژەڵ زۆر گرانبووە، بە نمونە کیلۆی بەرخی چاک بە کۆ بە 7500 دینارە و بە تاک بە 8000 هەزار دینارە، شەک واتا کاوڕی نێری دوو ساڵان یەک کیلۆی 7500 و بە تاک بە 8000 هەزارە، بزنی چاک بە کۆ کیلۆی بە 6000 هەزار دینارە و بە تاک بە 7000 هەزار دینارە، بەردیل واتا کاوڕی یەک ساڵان بە کۆ بە 6000 هەزار دینارە و بە تاک بە 7000 هەزار دینارە."
بە گوتەی شوان عەبدولڵا، ئەمساڵ مانگانە 300 بۆ 400 سەرئاژەڵیان فرۆشتووە، بەڵام ئەوە بۆ بازرگانەکان و خاوەن چێشتخانە، هوتێل و بازاڕەکان بووە و دەڵێت: "وەک خەڵکی ئاسایی بازاڕ 70٪ کەمبووەتەوە، پار رۆژانە 30 بۆ 40 ئاژەڵم بە خەڵکی ئاسایی دەفرۆشت، بەڵام ئێستا لە سبەینێوە تائێستا تەنیا شەش ئاژەڵم فرۆشتووە."