عومەر گوڵپی: هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی رێکخراوی راسان بە سکاڵای من بوو
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، لەسەر سکاڵای ئەو، ئەمڕۆ دادگەی سلێمانی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی رێکخراوی راسانی دەرکردووە. رێکخراوەکەش دەڵێت، تاکە رێکخراون کە کار بۆ مافی "هاوڕەگەزخوازان" دەکەن.
رۆژی سێشەممە، 20-06-2023، عومەر گوڵپی، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رێکخراوی راسان لە 27-05-2013ـەوە هەیە و تۆمارکراوە، بە ناوی پاراستنی مافی ژنان و مافی مرۆڤ بەشێوەیەکی گشتی داوای مۆڵەتیان لە فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان کردووە و ئەوانیش لەژێر ئەو ناوە مۆڵەتیان پێداون، بەڵام دوای بەدواداچوون دەرکەوت مۆڵەت و تۆمارکردنی رێکخراوەکە شتێکە و کارەکانی شتێکی دیکەیە."
عومەر گوڵپی لە 15ـی شوباتی 2021 سکاڵای لەسەر رێکخراوەکە تۆمارکردووە و دەڵێت: "ئەمەش پاش ئەوەی دڵنیابووینەوە لە سەرپێچی و کارە خراپ و نایاساییەکانی رێکخراوی راسان."
گوڵپی بە نووسراوی ژمارە (45) لە (17-02-2021) داوای لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە کاربکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە. هەروەها بە نووسراوی ژمارە (43) لە 12-02-2021 داوای لە داواکاری گشتیی سلێمانی کرد، رێوشوێنی یاسایی دژی رێکخراوی ناوبراو بگرێتەبەر.
بە گوتەی عومەر گوڵپی، ئەمڕۆ دادگەی سلێمانی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی رێکخراوەکەی دەرکردووە، بەڵام هێشتا دۆسیەی کارەکانی رێکخراوەکە ماوە و لە دادگەی سلێمانی لە قۆناخی لێکۆڵینەوەدایە.
سەبارەت بە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی رێکخراوەکە، عومەر گوڵپی گوتی: "هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی رێکخراوەکەش بێجگە لە فێڵکردن لە فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان، کارکردنی رێکخراوەکە بوو کە پێچەوانەی بنەما یاساییەکان و ئادابی گشتی، بنەما ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی بوو کە بە بەڵگەی تەواوەوە ئاراستەی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانمان کردبوو و ئەوە لە قۆناخی لێکۆڵینەوەیە و سزادەدرێن، چونکە هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەت زیاتر بابەتێکی کارگێڕییە."
تانیا کەمال، سەرۆکی رێکخراوی راسان بە رووداوی گوت: "بڕیارەکە کەموکوڕی تێدایە و بواری تانەدان لێی هەیە." گوتیشی: "پارێزەرەکانمان کار لەسەر دۆسیەکە دەکەن."
رێکخراوی راسان لە پێگەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک خۆی بە رێکخراوێکی ژنان و گەنجان ناساندووە و دەڵێت: "راسان کار بۆ باشترکردنی ژیانی ژنان و گەنجان و LGBT+ لە کوردستانی عێراق دەکات. ئێمە کۆمەڵێک تاکین کە باوەڕمان بە یەکسانی هەیە بۆ هەمووان و، لە راسان کۆبووینەتەوە بۆ گەیشتن بە خەونی ئازادی تەواومان. راسان لە ساڵی 2004ـەوە بۆ مافەکانی ژنان و لە ساڵی 2014ـەوە بۆ مافەکانی LGBT+ کاردەکات و تاکە رێکخراوی تۆمارکراوی فەرمیین کە کار بۆ مافەکانی LGBT+ لە ناوخۆی عێراقدا دەکەین."