بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک لە خارپێت بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر 9 قوتابی خرایە زیندانەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
لە پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستان، بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر نۆ قوتابی کچ خرایە زیندانەوە. 
 
رووداوەکە لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی لە ناوەندی شاری خارپێت روویدا. 
 
دادگەی تاوانەکانی خارپێت شەوی هەینی 19ـی نیسان، بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر نۆ قوتابی کچ، بڕیاریدا بەڕێوبەری قوتابخانەکە بخرێتە زیندانەوە. 
 
رووداوەکە دوای ئەوە ئاشکرا بوو کە خوێندکارێکی کچ لە رێگەی سیستمی ئۆنلاینی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا (CİMER) سکاڵای لەسەر بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی تۆمارکرد و گوتی "گ. ج" دەستدرێژی کردووەتەسەری. 
 
لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکرد، دوای بیستنی هەواڵەکە حەوت قوتابی دیکەش سکاڵایان تۆمارکرد. بانگەشەی ئەوەیان کرد لەلایەن هەمان بەڕێوەبەرەوە دەستدرێژیان کراوەتە سەر.
 
چەند رۆژ پێشتر بەڕێوەبەری قوتابخانەکە دوای سکاڵای قوتابییەکان دەستگیرکرا، بەڵام بە مەرجی دادوەری ئازادکرا.
 
لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە رووداوەکە بەردەوام بوو، قوتابییەکی دیکەش سکاڵای تۆمار کرد و ئاماژەی بەوەدا "گ. ج" دەستدرێژی کردووەتەسەری. 
پۆلیس بۆ جاری دووەم بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی دەستبەسەرکرد و رەوانەی دادگەی کرد، بە بڕیاری دادگە خرایە زیندانەوە.