ئاسایشی هەولێر لەبارەی شەڕە تەقەکەی شەقامی 100 مەتری: تۆمەتباری دووەم دەستبەسەرکرا


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لەبارەی شەڕە تەقەکەی ئەمڕۆی شەقامی 100 مەتریی شارەکە روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە و دوو کەس بریندار بوون. دەشڵێت، تۆمەتباری دووەمی رووداوەکە دەستگیرکراوە.

رۆژی پێنجشەممە، 20-4-2023، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، دوای رووداوەکە، لێکۆڵینەوەیان لە شەڕە تەقەکەی شەقامی 100 مەتری کرد و لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتباری دووەم بە ناوی (هـ.خ.ق) دەستگیر کرا و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.
 
دەقی روونکردنەوەی ئاساشی هەولێر:
 
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی نیسانی 2023، لە شەقامی سەدمەتریی شاری هەولێر بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە شەڕەتەقە لەنێوان دوو هاووڵاتیی دانیشتووی شاری هەولێر روویدا و بەهۆیەوە یەکێک لە تۆمەتبارانی تەقەکەر بەناوی (أ.ع.ش) بریندار دەبێت و بەداخەوە هاووڵاتییەکی دیکەش بەناوی ( ل.ج.ح) بریندار دەبێت.
 
دوابەدوای ئەو رووداوە، دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان لەو بارەوە دەستپێکرد و لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتباری دووەم بەناوی (هـ.خ.ق ) دەستیگرکرا و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی لەبارەی دۆسیەکە کراوەتەوە و رەوانەی بەردەم دادوەر کراوە.
 
هاووڵاتییانی بەڕێز و خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە کە پاراستنی سەروماڵی هاوشارییان و ئاسایش و ئارامیی شاری هەولێر ئەرکێکە و بەزاندنیان لە لایەن هەرکەس و گرووپێکەوە بێت هێڵی سوورە .
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر
 20ی نیسانی 2023