لە هێرشێکی چەکداریدا لە خانەقین، چوار سەربازی عێراق برینداربوون
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، چەکداری نەناسراو لە گوندێکی سەر بە خانەقین هێرشیان کردە سەر ماڵی هاووڵاتییەک، لەکاتی بەدەمەوەچوونی هێزەکانی سوپای عێراقیش بۆ رووداوەکە، چوار سەرباز برینداربوون.
رووداوەکە دەوروبەری کاژێر 01:30 خولەک روویداوە، چەکدارەکان هێرشیانکردووەتە سەر ماڵی عەبدولستار جەڕاد، کە هاووڵاتییەکی دیاری گوندەکەیە و سەرمایەدارە، ئەو چەکدارانە ئۆتۆمبێلێک و دوو خانوویان سووتاندووە.
هێزەکانی فەوجی دووی لیوای 19ـی فیرقەی پێنجی سوپای عێراق بەدەم رووداوەکەوە چوونە، بەڵام بۆمبێک بە هەمەرێکیاندا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە چوار سەرباز برینداربوون.
بەهۆی تەقینەوەکەوە سێ سەرباز بەناوەکانی (ملازمی یەک، ئیحسان قەحتان حەمزە، ئەحمەد حوسێن عەباس و عەلی حوسێن عەراک) برینداربوون. هاوکات سەربازێکی دیکەش بەناوی (حوسێن هادی جاسم) لەکاتی دابەزین لە ئۆتۆمبێلەکە بە نیشانشکێن بریندارکراوە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو سەربازەی بە نیشانشکێن بریندارکراوە، گوللـە بەر سەری کەوتووە. دواتر بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەی گوڵاڵە کراون.
تاوەکو ئێستا داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لە رووداوەکە رانەگەیاندووە، بەڵام بەهۆی جموجوڵەکانی پێشووی ئەو رێکخراوە لە ناوچەکە، گومان دەکرێت چەکدارانی ئەو رێکخراوە ئەو کارەیان کردبێت.