بەرپرسێکی پەروەردەی سلێمانی: بایکۆت کۆتاییهات
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند، بایکۆت لە سنووری پەروەردەکەیان کۆتاییهاتووە و مامۆستایان گەڕاونەتەوە ناوەندەکانی خوێندن.
بەرپرسێک لە پەروەردەی راپەرینیش دەڵێت، زیاتر لە 300 قوتابخانە لە سنوورەکەیان کراونەتەوە و تاوەکو رۆژی پێنجشەممە هەموو ئەو مامۆستایانەی بایکۆتیان کردووە دەگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن.
رۆژی سێشەممە 20-02-2024، نەژاد عەبدوڵڵا، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە سنووری پەروەردەی گشتی سلێمانی 1307 قوتابخانەی حکومی هەن هەموویان جگە لە دوو قوتابخانە، کە لە سنووری قەزای سەیدسادقن، ئەوانی دیکە کراونەتەوە و مامۆستایان وانە دەڵێنەوە."
بە گوتەی یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، لە سنووری پەروەردەکەیان شتێک نەماوە بە ناوی بایکۆت و دەڵێت، "لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی گرفتی ئەو دوو قوتابخانەی سەیدسادقیش چارەسەر بکەین، چونکە ئەوانە زیاتر دوورن لە شار و مامۆستایان پێویستیان بە هاتووچۆیە، تاوەکو رۆژی پێنجشەممە ئەو دوو قوتابخانەش دەکرێنەوە."
بەگوێرەی بڕیارێکی پەروەردەی سلێمانی کە رۆژی 20ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ دەست رووداو کەوت، بڕیار بوو هەر وانەبێژێک تاوەکو حەوت رۆژ و مامۆستای میلاک تاوەکو یەک مانگ ئامادە نەبن، لە کارەکەیان دووربخرێنەوە و جێگرەوەیان بۆ دابنرێت.
نەژاد عەبدوڵڵا دەڵێت، "هەموو مامۆستایانی میلاک و وانەبێژانیش گەڕاونەتەوە قوتابخانەکان و پێویست نەبووە هیچ جێگرەوەیەک دابنێن."
"لە راپەرین لە کۆی 362 قوتابخانە زیاتر لە 300ـیان کراونەتەوە."
لە سنووری پەروەردەی گشتیی راپەرین، کە هەردوو پەروەردەی پشدەر و رانیە دەگرێتەوە 362 قوتابخانە هەن. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو کە لە بەرپرسێکی باڵای پەروەردەی راپەڕین دەستیکەوتووە، زیاتر لە 300 قوتابخانە کراونەتەوە و وانەیان تێیدا دەگوترێتەوە، ئەوانەی ماون دەکەونە سنووری پەروەردەی پشدەر کە لەو سنوورە 171 قوتابخانە هەن و زۆربەیان دەکەونە گوندە دوورەدەستەکان و مامۆستایان پێویستیان بە هاتووچۆیە.
مەحموود حوسێن، بەڕێوەبەری پەروەردەی پشدەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زیاتر لە 130 قوتابخانە لە سنووری پەروەردەکەمان کراونەتەوە، بەتایبەتی ئەوانەی دەکەونە سەنتەری ژاراوە، سەنگەسەر، قەڵادزێ هەموویان وانە دەخوێنن و دەوام ئاسایی بووەتەوە، لە قوتابخانەکانی هەندێک لە گوندەکان کێشە هەیە و تاوەکو ئێستا نەکراونەتەوە، بەڵام بڕیارە تاوەکو پێنجشەممە لەو قوتابخانانەش دەوام دەستپێبکاتەوە."
بەڕێوەبەری پەروەردەی پشدەر دەڵێت، "بە بەڕێوەبەری قوتابخانەکانمان گووتووە لە هەر شوێنێک پێویستیتان بە وانەبێژ بوو ئاگادارمان بکەنەوە بۆتان دەنێرین، بەڵام تاوەکو ئێستا ناچارنەبووین هیچ جێگرەوەیەک دابنێین و هەموویان گەڕاونەتەوە قوتابخانەکان."
لە هەڵەبجە بایکۆت شکا
لە پارێزگای هەڵەبجە رۆژی 19ـی شووباتی 2024 دەستەی داکۆکی لە مافی مامۆستایان شکاندنی بایکۆتی لە پارێزگەکە راگەیاند و بڕیاریدا، لە ئەمڕۆ سێشەممەوە مامۆستایان بچنەوە ناوەندەکانی خوێندن.
ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت لەگەڵ ژمارەیەک مامۆستای ناڕازی ئەو سنوورە کۆبووەوە و دواتر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند، "دوای هەمواری یاسای بودجەی فیدڕاڵی پلەی مامۆستایانی شایستە بەرز دەکرێتەوە. وانەبێژەکانیش دەکرێنە گرێبەست بەپێی رێکار و یاسا بەرکارەکان و ساڵانی خزمەت."
ئەو شاندەی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی کۆبوونەتەوە، پێنج کەس بوون؛ سێ مامۆستا لە هەڵەبجە، یەک لە شارەزوور و یەک لە سەیدسادق. هەموویان بڕیاریاندا دەست بە دەوام بکەنەوە.
ساڵنامەی خوێندن
لە 13ـی ئەیلوول خوێندنی وەرزی 2023-2024 لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە قوتابخانەکان بە گشتی جگە لە بەشێکی 12 بنەڕەتی تاوەکو 09ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ نەکرایەوە، بەڵام دوای ئەو وادەیە وردە وردە دەرگای قوتابخانەکان بە رووی قوتابیاندا کرانەوە.
رۆژی 08ـی کانوونی دووەمی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی ساڵنامەی نوێی خوێندنی راگەیاند، کە تێیدا 09ـی هەمان مانگ وەرزی یەکەمی خوێندن لەو سنوورانەی، کە بایکۆتی تێیدا کرا دەستپێدەکاتەوە.
لە ساڵنامەی نوێ خوێندندا هاتبوو، سێشەممە 9ـی کانوونی دووەم خوێندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستپێدەکات و تاوەکو 4ـی ئاداری ئەمساڵ دەخایەنێت هاوکات 09-03-2024 تاوەکو سێشەممە 19-03-2024 تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەم لەسەر 80 نمرە بەڕێوەدەچێت.
دەوامی وەرزی دووەمیش یەکشەممە 24-03-2024، دەستپێدەکات و تاوەکو پێنجشەممە 16-05-2024، بەردەوام دەبێت. هاوکات یەکشەممە، 19-05-2024، تاوەکو پێنجشەممە 30-05-2024 تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی دووەم لەسەر 80 نمرە بەڕێوەدەچێت.