مامۆستایانی میلاک دوای مانگێک و وانەبێژان دوای حەوت رۆژ دەوامنەکردن، دەردەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە لە سبەی یەکشەممەوە هەر وانەبێژێک حەوت رۆژ و مامۆستایانی میلاک مانگێک دەوامی نەکردبوو، دەربکرێت.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو، رۆژی شەممە. 20-01-2024، لە پەروەردەی گشتیی سلێمانی دەستیکەوتووە، لە سبەی یەکشەممەوە رێکاری نوێ بەرامبەر مامۆستایانی ناڕازی و وانەبێژان دەگیرێتەبەر.
بەپێی بڕیارێکی نوێ، هەر مامۆستایەکی وانەبێژ حەوت رۆژ دەوامنەکردن (غیاب) هەبوو، واتا ئامادەی هۆڵەکانی خوێندن نەبوو، فەسڵ دەکرێت، ئەوەش لە کاتێکدایە لە 16ـی ئەم مانگەوە "غیابات" وەرگیراوە، واتا تاوەکو رۆژی سێشەممە 23ـی ئەم مانگە لە بەردەستیاندایە بۆ گەڕانەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن.
بۆ مامۆستایانی میلاک جیاوازترە، ئەگەر لە چەند رۆژی داهاتوو نەگەڕانەوە هۆڵەکانی خوێندن، ئەوە لە رۆژی 9ـی ئەم مانگەوە کە "غیابوون"ـیان هەژمارکراوە تاوەکو 9ـی مانگی داهاتوو هەژمار دەکرێت و بەوەش دوای یەک مانگ "فەسڵ" دەکرێن.
بڕیارە هەر سەرپەرشتیارێکی پەروەردەییش، "ئەگەر دەوام نەکات و بەردەوام بوو لە بایکۆت پلەکەی لێوەبگیرێتەوە."
رۆژی 8ـی ئەم مانگە پەروەردەی گشتیی سلێمانی ساڵنامەی نوێ خوێندنی راگەیاند و بەگوێرەی ساڵنامەکە، بڕیار بوو رۆژی 9ـی ئەم مانگە دەوام لە سنوورەی پارێزگای دەستپێبکات و تاوەکو 4ـی ئاداری ئەم ساڵ بەردەوام دەبێت و هاوکات 09-03-2024 تاوەکو سێشەممە 19-03-2024 دەبێت تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەم لەسەر 80 نمرە بەڕێوەبچێت.
کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگوێرەی رێنمایی نوێی پەروەردەی سلێمانی بێت ئەگەر دوای حەوت رۆژ غیاب نەگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن فەسڵ دەکرێن واتا تاوەکو سێشەممە، مامۆستایانی میلاکیش مانگێکیان بۆ دیاریکراوە، بەڵام ئێمە سبەی خۆپیشاندانی خۆمان دەکەین ئەگەر رێگری لەوەش بکرێت لە بایکۆتکردن بەردەوام دەبین تاوەکو فەسڵ دەکرێن."
ئەو نوێنەرەی وانەبێژان گوتیشی، "وانەبێژان و مامۆستایانی میلاک بۆ ئامانجێک بایکۆتی ناوەندەکانی خوێندنیان کرد، ئەویش دامەزراندنی وانەبێژان و پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایانی ناڕازی، بەڵام ئەو ئامانجەمان بەدەستنەهێناوە بۆیە تاوەکو تاوەکو فەسڵ دەکرێن بەردەوام دەبین لە بایکۆت."
ئەم رێکارە تووندانەی پەروەردەی گشتیی سلێمانی لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ لەلایەن ئاسایشی سلێمانیشەوە نزیکەی 10 بۆ 12 مامۆستا بانگهێشتکرابوون و دوای گفتوگۆ گەڕانەوە ماڵەوە.
سەلام عەبدولخالق، لێپرسراوی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان - سلێمانی بە رووداوی گوت، "ئەو مامۆستایانەی راگیراون ژمارەیان نزیکەی 10 بۆ 12 کەسە و بە گوێرەی مادەی 240 لە یاسای سزادانی عێراقی و بەبڕیاری دادوەر و فەرمانی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە ئاسایش راگیران."
لەبارەی هۆکاری بانگهێشتکردنی ئەو مامۆستایانە، سەلام عەبدولخالق گوتی، "ئەو مامۆستانە غیاباتیان زۆر بووە و ئەوەش کاریگەری لەسەر پرۆسەی خوێندن بووە و گفتوگۆیان لەگەڵ کراوە بۆ ئەوەی کاریگەری زیاتر لەسەر ئەو مامۆستایانە دروست نەکەن کە بایکۆتیان کردووە و نەبنە هاندان بۆ بایکۆتکردنی مامۆستایانی دیکە و داوایان لێکراوە بگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن."