ئەو هاونیشتمانییانەی لە هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر زیانیان بەرکەوتووە، داوای قەرەبوو دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
سیروانی جامچی ماوەی پێنج رۆژە لە رێگەی مەلائۆمەر هاتووچۆیەتی و سەرقاڵی چاککردنەوەی پەنجەرە و دەرگەی ئەو ماڵانەیە، کە بەهۆی بۆردوومانەکەی ئێران بۆ سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری هەولێر زیانیان بەرکەوتووە.
سیروان ئەحمەدی جامچی بە رووداوی گوت "پەیوەندیم زۆر پێوەکراوە. نۆ بۆ 10 ماڵ پەیوەندییان کردووە و جامیان شکاوە. من لەو رێگایە دێم و دەچم و (دەبینم) خەڵک زەرەری زۆری پێگەیشتووە، بەیانیان زوو دێم، هەتا ئێوارە کار دەکەم."
گەورە و بچووک سەرقاڵی ریکخستنەوەی ماڵەکانیانن، زیانلێکەوتوان داوادەکەن قەرەبوو بکرێنەوە.
پشتیوان نەجات، کاسبکارە و یەکێکە لەوانەی ماڵەکەی بەهۆی هێرشەکەی سوپای پاسدارانەوە بۆ سەر هەولێر، زیانی بەرکەوتووە، دەڵێ "هەموو پەنجەرە و دەرگا و شووشەی ماڵەکەمان شکا. هیچ نەمابوو. ئێستا وردە وردە چاکیان دەکەینەوە و پارەی زۆریشمان چووە، زیاتر لە دوو هەزار دۆلارمان دەچێت هەتاوەکو تەواوی دەکەین."
ئەو خانووانەی لە مەلائۆمەر زیانیان بەرکەوتووە، 500 مەتر بۆ کیلۆمەترێک لە خانووە بۆردوومانکراوەکەوە دوورن. بەگشتی لە کۆمەڵگەکە زیاتر لە 100 خانوو زیانیان بەرکەوتووە.
خانووی موختاری یەکێک لە گەڕەکەکانی کۆمەڵگەکە و کوڕەکانی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە؛ زیاتر لە چوار هەزار و 500 دۆلاریان بۆ چاککردنەوەی خانووەکانیان خەرجکردووە.
پوشۆ عەبدولرەحمان، موختاری گەڕەکی سێنک لە مەلائۆمەر بە رووداوی گوت "خەرجیی زۆرمان کردووە، خوا لەسەر سەرە ئەوەی لە سێ خانوو خەرجمان کردووە تاوەکو چوار هەزار و 500 دۆلار چووە، دواکارین قەرەبوو بکرێینەوە، ئینجا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان یان حکومەتی ناوەندییەوە بێت، خەڵکیش هەر یەک و دوو نییە کە زەرەرمەند بووە، زیاتر لە 100 خانوو زیانیان بەرکەوتووە."
بەرپرسێکی ئیدارەی پارێزگای هەولێر بە رووداوی گوت تا ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی هێرشەکەی 15ـی ئەم مانگەی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر نییە، هێرشێک کە جگە لەو زیانە مادییانە بووە هۆی گیانلەدەستدانی چوار کەس و برینداربوونی 16ـی دیکە.
زیانلێکەوتوان دەڵێن ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستانیش توانای قەرەبووکردنەوەی نییە، ئەوە ئەرکی حکومەتی عێراقە قەرەبوویان بکاتەوە.