وەزارەتی پەروەردە: بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشکردنە سەر هەولێر لە ناوەندەکانی خوێندن خوولەکێک بووەستن

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەمەبەستی سەرکۆنەکردنی تاوانی هێرشکردنە سەر هەولێر لەلایەن سوپای پاسداران و رێزگرتن لە رۆحی پاکی شەهیدان، سبەی لە گشت ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی خولەکێک رابوەستن."
 
رۆژی شەممە، 20-01-2024 وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "سبەی (یەکشەممە) بەڕێوەبەری ناوەندەکانی خوێندن گوتارێک لەبارەی ئەو ستەم و تاوانەی هیچ بیانوویەکی نەبووە و نییە پێشکەش بکەن، هەروەها جەخت لە گەیاندنی پەیامی خۆڕاگریی و ئیرادەی بەرزی کوردستانیان و ئاشتیخوازی بکەنەوە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، "بەمەبەستی  سەرکۆنەکردنی تاوانی هێرشکردنە سەر هەولێری پایتەخت لەلایەن سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بۆ رێزگرتن لە رۆحی پاکی شەهیدانی ئەو تاوانە و بریندارەکانی، رۆژی یەکشەممە (21-01-2024) لە گشت ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی  وەزارەتی پەروەردە، پێویستە لەگەڵ گوتنەوەی سروودی ئەی رەقیب، خولەکێک بووەستن، پێش دەستپێکردنی وانەی یەکەم."
 
کاژێر 11:30 خوولەکی شەوی دووشەممە 15-01-2024 بە مووشەک هێرش کرایە سەر شاری هەولێر و بەو هۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 16ـی دیکە بریندار بوون. هەر دوای رووداوەکە، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ئەوان هێرشەکەیان کردووە و ژمارەیەک شوێنیان کردووەتە ئامانج کە "بنکەی تیرۆریستی" و "گرووپە دژبەرەکانی ئێران" بوون.
 
یەکێک لەو شوێنانەی کرایە ئامانج، ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی، سەرۆکی گرووپی فاڵکۆن بوو، کە لەگەڵ کچە بچووکەکەی، میوانێکی و کارگوزارێکی ماڵەکە گیانیان لەدەستدا. هەر لە هێرشەکەدا هانا جووتیار، کە هاوژینی پێشڕەوە، لەگەڵ رەوان پێشڕەو تەمەن 7 ساڵ و رۆژ پێشڕەو، کە تەمەنی 25 ساڵە و لەگەڵ باوکی کاری دەکرد، بریندار بوون.

 

لە Xـی رووداوەوە: