لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە گەرمیان حەوت کەس بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
لەسەر رێگەی کەلار - مەرزی پەروێزخان بەهۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێلەوە حەوت کەس بریندار بوون.
رۆژی شەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2024، سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوو ئۆتۆمبێلی جۆری تۆیۆتا مینی پاس - کیا بارهەڵگر، لەسەر رێگەی کەلار - مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان پێکیاندادا، بەهۆیەوە هەر دوو شۆفێرکە و پێنج سەرنشین بریندار بوون، بریندارەکان گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار."
گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان ئاماژەی بەوەشکرد، تیمی هاتووچۆ لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە بەمەبەستی زانینی هۆکاری پشت رووداوەکە.
ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە؛ لەنێویاندا 773 رووداوی وەرگەڕان هەبوون، لە ئەنجامی کۆی رووداوەکاندا 445 کەس گیانیان لەدەستداوە و 7 هەزار و 250 کەسیش برینداربوون.