هاونیشتمانییانی خانەقین لە دوای هەڵبژاردن داوای خزمەتگوزاری بۆ شارەکەیان دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییانی ناوچە جێناکۆکەکان لە رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقدا بە "گڕوتینەوە" بەشدارییان لە دەنگداندا کرد بۆ سەرخستی لایەنە کوردستانییەکان و بەرزکردنەوەی دەنگی کورد لەو ناوچانە، ئێستا کە هەڵبژاردن کۆتایی هاتووە ئەوان دەڵێن، کاری خۆیان کردووە و ئێستا کاتی ئەوەیە خزمەت بکرێن.
 
رائید شەوقی خەڵکی خانەقینە لەگەڵ خێزانەکەی 93 کەسیان رۆیشتبوون بۆ دەنگدان، دەنگیان بە بەربژێرەکانی کورد و لایەنە کوردستانییەکان داوە، دەڵێت، "ئەوەی لەسەرمان بوو جێبەجێمان کرد، ئێستا کاتی ئەوەیە خزمەت بە شارەکەمان بکرێت."
 
هەروەها رائید شەوقی، گوتی، "ئەوان داوایان لە ئێمە کرد بڕۆین دەنگ بدەین و بڕۆینە سەر سندوقەکانی دەنگدان، ئەو شتانەی ئێمەش داوای دەکەین کە حەڵاڵی خۆیەتی، بۆنموونە بابەتی مووچە، بابەتی دامەزراندن، واتە 1700 خێزان بێکارن لە خانەقین ئەوە سەیری رێژەی حەب خواردن و مەواد و ئەو شتانە بکەن هەموو لە کوێ دێت؟  هەمووی لە بێکارییەوە سەرهەڵدەدات."
 
رێژەی بەشداری لە دەنگدانی رۆژی دووشەممە، لە خانەقین %50 بوو، هەرچەندە بەراورد بە ناوچەکانی دیکە لە پارێزگای دیالە رێژەکە لە خانەقین بەرزترین بوو، بەڵام تائێستا نیوەی دەنگدەران بە هۆکاری جیاواز لە ماڵەوە مانەوە و پشتیان لە هەڵبژاردن کرد.
 
کەنعان فەرحان، دووکاندارە لە قەزای خانەقین، باس لەوە دەکات کە رۆیشتووە بۆ دەنگدان چاوەڕێی خزمەتگوزاری لە شارەکە و دامەزراندن دەکات.
 
حەسەن خالید، هاونیشتمانییەکی دیکەیە لە شارەکە دەڵێت، "وەڵاهی دامەزراندن نییە خزمەتگوزاری نییە لەبەرئەوە خەڵک نەچووە بێزار بووە و کەس دەنگی نەدا."
 
لە هەڵبژاردنی یەکەم خولی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، لە کۆی 30 کورسی، لایەنە کوردستانییەکان خاوەنی 6 کورسی بوون، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2013 کورسییەکانی کورد کەم بوونەوە بۆ 3 کورسی. بۆ هەڵبژاردنی ئەم ساڵ، ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە کەم کرایەوە بۆ 15 کورسی.