وەزارەتی ناوخۆ 165 هەلی دامەزراندن بۆ پۆلیسی گەشتیاری رادەگەیەنێت

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان (165) هەلی دامەزراندنی وەکو پۆلیسی گەشتیاری بە گرێبەست راگەیاند. بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، "کاری ئەو پۆلیسانە چاودێریکردنی شوێن و بنکە گەشتیارییەکان و چەسپاندنی یاسا دەبێت".
 
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رۆژی دووشەممە، 18-12-2023، بڵاویکردەوە، "لەسەر رەزامەندیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 165 پلەی دامەزراندن وەکو پۆلیسی گەشتیاری بە گرێبەست رادەگەیێنین. ئەو پۆلیسانە بۆ خزمەتکردن لە دەستەی گشتیی گەشتوگوزار لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دادەمەزرێن".
 
بە گوێرەی ئەو راگەیێندراوەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، "هەر یەکێک لەو پۆلیسانەی دادەمەزرێن لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزار لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لە شوێنە گەشتیارییەکان خزمەت دەکەن".
 
ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو پۆلیسانە بە رەزامەندی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دادەمەزرێن. ئەو دامەزراندنە لە دانیشتنەکانمان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ باسمان کردووە و لەسەر داوای دەستەی گەشتوگوزار بووە".
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار، "کاری ئەو پۆلیسانە چاودێریکردنی شوێن و بنکە گەشتیارییەکان و چەسپاندنی یاسا دەبێت؛ کاری ئەوان هەروەها رەخساندنی کەشی ئارام بۆ گەشتیاران بەگشتی دەبێت".
 
ئیبراهیم عەبدولمەجید ئاماژەی بەوەشکرد، "جیاوازی پۆلیسی ئاسایی و گەشتوگوزار ئەوەیە پۆلیسی گەشتیاری دەرچووی بەشی گەشتوگوزارە؛ بۆیە تێڕوانینی بۆ گەشتوگوزار جیاوازە بەراورد بەو پۆلیسانەی دەرچووی گەشتوگوزار نین؛ بۆیە دامەزراندنی ئەو پۆلیسانە بۆ رێکخستنەوەی زیاتری کەرتی گەشتیارییە. ئەمە قۆناخی یەکەمە و ژمارەیەکی باشە؛ لە قۆناخی دووەمدا داوای دامەزراندنی پۆلیسی دیکەش دەکەین".
 
وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، دامەزراندنەکە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری شارەکان بەم جۆرەی خوارەوە دەبێت:
 
گەشتوگوزاری هەولێر (30) دامەزراندن
گەشتوگوزاری سلێمانی (30) دامەزراندن
گەشتوگوزاری دهۆک (25) دامەزراندن
گەشتوگوزاری هەڵەبجە (15) دامەزراندن
گەشتوگوزاری سۆران (20) دامەزراندن
گەشتوگوزاری گەرمیان (15) دامەزراندن
گەشتوگوزاری راپەڕین (15) دامەزراندن
گەشتوگوزاری زاخۆ (15) دامەزراندن
 
ئەو هاونیشتمانییانەی ئەم مەرجانەی خوارەوەیان تێدایە، دەتوانن بۆ کێبڕکێکردن لەسەر وەرگرتن زانیارییەکانیان تۆماربکەن: 
 
- تەمەنی لە 18 ساڵ کەمتر نەبێت و لە 27 ساڵ زیاتر نەبێت
 
- خوڕەوشت و رەفتار و ناوبانگی باش بێت و بە هیچ کام لە تاوانەکانی ئابڕووبەر سزا نەدرابێت
 
- بڕوانامەی ئامادەیی گەشتیاری یان پەیمانگەی گەشتیاری لە یەکێک لە دامەزراوە باوەڕپێکراوەکانی هەرێمی کوردستان بەدەستهێنابێت
 
- لە مەرجەکانی باڵا و تەندروستی پێویست بۆ بوون بە پۆلیس دەربچێت
 
- لەپێشینە بۆ کچ و کوڕی شەهیدان دەبێت
 
- رەچاوی هاوسەنگیی رەگەز بە گوێرەی تایبەتمەندی ئەرکەکە دەکرێت لە کاتی دیمانەکردن بۆ وەرگرتن
 
- ئەو هاووڵاتییەی لە پاڵ زمانی کوردی، زمانی عەرەبی یان ئینگلیزی یان هەردووکیان بزانێت، پێشینەی لە وەرگرتن دەبێت.
 
بۆ پێشکێشکردنی داواکاریی دامەزراندن، لێرە کلیک بکەن