خۆشناوەکانی ئەفریقا گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان لە گوندی سیساوە
رووداو دیجیتاڵ
بە جل و جامانەی کوردی دوای دوو سەدە خۆشناوەکانی ئەفریقا گەڕانەوە زێدی خۆیان لە بناری هەریر و گوندی سیساوە. خۆشناوە رەسەنەکانی ئەو ناوچەیە هەموو کۆبوونەوە و رێورەسمێکی بەخێرهاتنیان بۆ نەوەکانی مەلا ئەبوبەکر ئەفەندیی خۆشناو رێکخست.
محەمەد زوبری، نەوەی مەلا ئەبوبەکر ئەفەندیی خۆشناو قسەی زۆریان هەبوو لەگەڵ خزمە سیساوەییەکانیان. ئەو دەڵێت:" ئەوە بەدیهاتنی خەونەکەمانە، خەونی زیاتر لە 150 ساڵەی باوکم و براکانی و ئامۆزاکانمان کە خەونیان بوو بێن بۆ ئەم گوندە سیساوە، ئەو ئەزموونەی کردمان خەیاڵی بوو، کورد میواندۆستترین نەتەوەیە لە هەموو جیهان، من لە کەیپ تاون دوو بۆ سێ ژەم نان دەخۆم بەڵام لێرە لە کوردستان فێربووم 5 بۆ 6 ژەم بخۆم، چونکە خواردنەکان زۆر خۆشن."
عەبدوڵڵا ئەبوبەکر، نەوەیەکی دیکەی مەلا ئەبوبەکر ئەفەندیی خۆشناوە و دەڵێت، "وا هەستدەکەم کوردێکی راستەقینەم بەم جلانەوە، خۆم و ئامۆزاکەم ستایل و رەنگی جلە کوردیەکانمان هەڵبژارد."
ئەوانەی لە رێورەسمەکە بوون ژمارەیان نزیکەی 700 پیاو ماقووڵ و ریش سپی و پیاوانی ئایینیی خۆشناوەتی و دەڤەری شەقڵاوە بوون.
هەرچەند خۆشناوەکانی ئەفریقا نەوەی مامۆستایەکی ئایینی ئیسلام بوونە، بەڵام هەناسەی ئاشتی و تەبایی و پێکەوە ژیانی ئەم ناوچەیە وای کردبوو قەشە ئەنیسیش بەخۆشحاڵیەوە بێت بەدەم بەخێرهاتنەوەیان.
قەشە ئەنیس یەعقوب، قەشەی شەقڵاوە دەڵێت، "شەرەفمەندییە بۆ ئێمە بەڕاستی کە کەسانی کورد کەسانی خەڵکی کوردستان لە جێگە و پێگەیەدا کە ناوی کورد و ناوی ئایینی خۆیان بە جیهان ناساند و گەیاند."
مێژووی کوردانی ئەفریقا دەگەڕیتەوە بۆ مەلا ئەبوبەکر ئەفەندیی خۆشناو کە زانایەکی ئیسلامیی کورد و خەڵکی سیساوە بووە، 163 ساڵ بەر لە ئێستا لەلایەن خەلافەتی عوسمانی بە ئەرکی ئایینی نێردراوە بۆ کەیپ تاونی پایتەختی ئەفریقای باشوور.
لە دوای خوانێکی کوردەواریانە، جەلال بەگ خزمە خۆشناوەکانی ئەفریقایان برد بۆ تەکیەی کاکی سیساوەیی، ئەم تەکیەیە بە قسەی خەڵکەکە، 800 ساڵە هەیە و خەڵکی ناوچەکە دەڵێن دڵنیان مەلا ئەبوبەکر ئەفەندی لەم تەکیەیە شوێن پەنجەی هەیە.
جەلال بەگ، خەڵکی سیساوەیە و دەڵێت، "من هەفتەیەکە خودا دەزانێ نەخەوتووم. گوتمان تاوەکو شەرمەزاری ئەو خەڵکە نەبین و ئەوانە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، شانازی بە خۆشناو و سیساوەیی بوونەکەی بکەن."
تۆڕی میدیایی رووداو کوردانی ئەفریقای دۆزییەوە و لە رێگەی بڵاوکردنەوەی بەڵگەفیلمێک و کتێبێکەوە بە ناوی 'ئەستێرەی کوردستان بە ئاسمانی کەیپ تاونەوە' ئەوانی بە هەموو کوردستانییان ناساند.