دانیشتنی دادگەی باڵای فیدراڵی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دواخرا

رووداو دیجیتاڵ

دانیشتنی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ 03-12-2023 دواخرا. 
 
رۆژی یەکشەممە، 19-11-2023، دادگەی فیدراڵی عێراق لەبارەی دوو سکاڵا دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە، لە بری بڕیاردان دووبارە دادگە دانیشتنەکەی بۆ 03ـی 12ـی 2023 دواخست. 
 
دادگەی فیدراڵی عێراق چەندینجار لەبارەی ئەو دوو سکاڵایە کۆبووەتەوە، بەڵام بەردەوام بڕیاردان لەبارەی سکاڵاکە دوادەخات، دوایینجار رۆژی 05ـی ئەم مانگە بۆ رۆژی 19ـی مانگ دواخرا.
 
رۆژی شەممە، 18-11-2023، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سکاڵاکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کۆتا بە یاسای رێکخراوە بۆیە هەر گۆڕانکارییەک لە کۆتا پێویستە بە رێگای پەرلەمانی کوردستان بێت، پێویست ناکات دەست تێوەردانی لە نێو کاروباری کۆتا و پێکهاتەکان هەبێت."
 
لەبارەی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی عێراق ئایدن مەعرووف گوتی،"بەداخەوە ماوەی رابردوو ئەو بڕیارانەی لە دادگەی فیدراڵی عێراق دەرچوون زیاتر سیاسی بوون و بۆ مەبەستی سیاسی بەکارهاتوون. پێویستە دادگەی فیدراڵی عێراق دوور بێت لە کێشە سیاسییەکان و دەبێت بڕیارەکانی بەشێوەیەکی دادپەروەری بێت و لە بەرژەوەندی گشتی خەڵکی عێراق بێت کە بڕیارەکانی رابردووی لە بەرژەوەندی لایەنەکان و خەڵکی عێراق نەبووە."
 
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان داوای لە دادگەی فیدراڵی عێراق کرد سکاڵای تایبەت بە یاسای هەڵبژاردن کە باس لە پێکهاتەکان دەکات رەتبکاتەوە چونکە ئەوە تایبەتە بە کۆتا و بە رەوشی پێكهاتەکان و پێویستە ئەم پێکەوەژیانە لە هەرێمی کوردستان پارێزگاری لێ بکرێت. 
 
سکاڵای یەکەم لەلایەن زیاد جەبار تۆمار کراوە و تێیدا سکاڵاکار داوای نادەستووریبوونی مادەکانی (36،22،15،9،1)ی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکات.
 
ئەو مادانەی لە یاسای هەڵبژاردن کە یەكێتی سکاڵای لەسەر تۆمار کردوون، ئەمانەن:
 
مادەی یەکەم: پەرلەمانی کوردستان - عێراق لە 111 ئەندام پێکدێت.
مادەی نۆیەم: هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەنرێت.
مادەی 15: بۆ هەرێمی کوردستان، تۆمار بە ناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی سەنتەرەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن بەپێی ریزبەندیی پیتە ئەبجەدییەکان.
مادەی 22: هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، بۆی هەیە لیستێکی تایبەت بە بەربژێرەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستانی عێراق پێشکێش بکات، کە رێژەیەک ئافرەتی تێدابێت، لە 30% کەمتر نەبێت.
 
سکاڵای دووەم لەلایەن ئامانج نەجیب شەمعوونەوە تۆمار کراوە. لە سکاڵاکاندا داوا کراوە مادەی 36ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 1992ـی هەموارکراو بە نادەستووری بزانرێت، کە تایبەتە بە کورسیی کۆتای پێکهاتەکانی "کلدان، ئاشوورییەکان، تورکمان و ئەرمەن لە هەرێمی کوردستان." هەروەها داوا کراوە مادەی 9ـی هەمان یاسا بە نادەستووری بزانێت، کە "هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک ناوچەی هەڵبژاردن" دەزانێت و دابەش دەبێت بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن.
 
بڕیارە لە 25ـى شوباتی 2024، هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکرێت، کە بە سەرپەرشتى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق دەبێت.