لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە باکووری کوردستان کەسێک گیانی لەدەستدا و حەوتی دیکە بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێكی هاتووچۆدا لە پارێزگای ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان، کەسێک گیانی لەدەستدا و حەوت کەسی دیکەش بریندار بوون.
رووداوەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2023 لە رێگەی سەرەکیی ئەرزەڕۆم - ئەرزینجان لەنزیک ناوچەی داداشکەنت روویدا.
ئۆتۆمبێلێک کە هاووڵاتییەک بەناوی یاشار لێی دەخوڕی، خۆی کێشا بە بەربەستی رێگەکەدا و دواتر کەوتە سەر سایدی بەرامبەر.
دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، تیمە پزیشکییەکان چوونە شوێنی رووداوەکە و بۆیان روونبووەوە یەشار گیانی لەدەستداوە.
هەر لە رووداوەکەدا حەوت کەس بریندار بوون و بە ئەمبوڵانس بۆ نەخۆشخانەی فێرکاریی زانکۆی ئەتاتورک لە ئەرزەڕۆم گواسترانەوە.
بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی تورکیا کە رۆژی 9ی تشرینی دووەمی 2023 بڵاوکرایەوە، لە 10 مانگی ئەمساڵدا 461 هەزار و 10 رووداوی هاتووچۆ لە باکووری کوردستان و تورکیا روویانداوە؛ لە ئەنجامدا 2525 کەس گیانیان لەدەستداوە و 300281 کەسیش بریندار بوون.