لەسەر 171 رووفاتەکەی ئەنفال، وەزیری تەندروستیی عێراق بانگهێشتی لیژنەی شەهیدان دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

لەبارەی نەگەڕاندنەوەی 171 رووفاتی ئەنفالکراوانی کورد بۆ هەرێمی کوردستان، هەفتەی داهاتوو بانگهێشتی وەزیری تەندروستی عێراق و بەڕێوەبەری دادپزیشکیی بەغدا بۆ کۆبوونەوەیەکی لیژنەی شەهیدان دەکرێت. 
 
چرۆ حەمەشەریف، پەرلەمانتاری یەکێتی و ئەندامی لیژنەی شەهیدان لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 19-10-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سێشەممەی رابردوو لیژنەکەیان کۆبووەتەوە، لەوێ پێشنیازیان کرد لەبارەی نەگەڕاندنەوەی 171 رووفاتی ئەنفال، وەزیری تەندروستیی عێراق و بەڕێوەبەری دادپزیشکی بەغدا ئامادەی کۆبوونەوەیەکی لیژنە بن."
 
سەبارەت بە کاتی بانگهێشتکردنی وەزیری تەندروستی، چرۆ حەمەشەریف گوتی "بڕیارە هەفتەی داهاتوو بانگهێشتیان بکەین بۆ ئەوەی چوارشەممە یان پێنجشەممەی داهاتوو ئامادەبن."
 
نەگەڕاندنەوەی 171 رووفاتەکە لەکاتێکدایە لە بودجە پارەشیان بۆ تەرخانکراوە. ئەو ئەندامەی لیژنەی شەهیدان، دەڵێت، "دەمانەوێت بزانین هۆکاری نەگەڕاندنەوەی ئەو رووفاتانە چییە؟ بەڕاستی ئەگەر شتێک رووبدات، ئەو رووفاتانە لەنێودەچن، ئێستا 11 گۆڕی دیکە هەن لە بەغدا کە بەبۆنەی تەواونەکردنی کاری ئەو رووفاتانە، هەڵنەدراونەتەوە."
 
چوار ساڵە 171 رووفاتی ئەنفالکراوانی گەرمیان لە دادپزیشکیی بەغدان، کە لە بیابانی سەماوە لە گۆڕی بەکۆمەڵدا دۆزرابوونەوە. ئەو رووفاتانە بە بیانووی ئەوەی پشکنینی دی ئێن ئەیان بۆ نەکراوە، نەگەڕێندراونەتەوە، لەکاتێکدا پشکنینەکە بۆ هەموو رووفاتەکان، نزیکەی 1.5 ملیار دینار تێچوویەتی.
 
لەسەردەمی رژێمی بەعس، زیاتر لە 182 هەزار کورد، کۆمەڵکوژکران و لە بیابانەکانی خوارووی عێراق خرانە گۆڕی بەکۆمەڵەوە، بەڵام تائێستا تەنیا 3500 رووفاتیان گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان.