ئاهەنگی دەرچوونی زانکۆی کوردستان-هەولێر بە بەشداریی نزیکەی 300 خوێندکار بەڕێوەچوو
رووداو دیجیتاڵ
ئاهەنگی خولی 13هەمینی دەرچووانی زانکۆی کوردستان - هەولێر بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، کە لەو خولەدا بڕوانامەی بەکالۆریۆس بە 282 دەرچوو درا. دوو خوێندکاریش بڕوانامەی دکتۆرایان لە زانستە سیاسییەکان وەرگرت.
سۆنیا خۆی ئامادە دەکات بۆ یەک لە خۆشترین رۆژەکانی ژیانی، رۆژی دەرچوون لە زانکۆ. وەرگرتنی بڕوانامەی زانکۆ بۆ هەمووان شانازی و مایەی دڵخۆشیە، بەڵام بۆ سۆنیا هەم و شانازی و هەم دڵخۆشیەکەی دوو هێندەیە، چونکە ئەم خانمە 23 ساڵەیە بڕوانامەی پزیشکیی بە پلەی یەکەم لە زانکۆی کوردستان وەرگرت، دایک و باوکی سۆنیا کە خەڵکی داقوقن لەوێوە هاتوون و باوەش و ماچی پیرۆزبایی لە کچەکەیان دەکەن.
سۆنیا فەرمان کاکەیی، دەرچووی زانکۆی کوردستان دەڵێت، "رۆژێکی زۆر زۆر خۆشە نەک تەنیا بۆ من بەڵکو بۆ کەسوکارەکەم و هاوڕێکانم و هەموویان، پشت بەخوا بۆ چەند ساڵێک لێرە دەمێنمەوە دوای ئەوە بەتەمام بڕۆم بۆ بەریتانیا و پسپۆڕیەکەم لە دڵ وەرگرم بە ئیزنی خودا دواتر بە تەمام بێمەوە."
لەمیعە دەروێش، دایکی سۆنیایە و دەڵێت: "بێگومان زۆر زۆر دڵخۆشم. خۆی زیرەک بوو لە منداڵیەوە زیرەک بوو، هەمیشە لەنێو قوتابییاندا یەکەم بوو."
فەرمان کاکەیی، باوکی سۆنیایە و باس لەوە دەکات، "ئەمە رۆژێکی گەورەیە مرۆڤ دەگاتە بەرهەمەکەی، باوک ئەمەی دەوێت بەرهەمەکەی دەچنێتەوە، بەڕاستی گریان و خۆشی و هەمووی تێکەڵاو بووە."
تەنیا دوو کەس لە رێوڕەسمەکەدا بڕوانامەی دکتۆرایان پێبەخشرا؛ هەنار مەعرووف یەک لەو دوو کەسە بوو، دکتۆراکەی لە سیاسەتە و 5 ساڵ شەونخوونیی بۆ کردووە.
هەنار دەڵێت، "یەکەم کچم کە دکتۆرام تەواو کرد لە زانکۆی کوردستان. زانکۆی کوردستان زۆر یارمەتی داوم کە چاوم بکرێتەوە بتوانم دنیا ببینم، بتوانم بڕۆمە دەرەوە هەوڵ زیاتر بدەم، بۆیە بەڕاستی یەکێکە لە زانکۆ باشەکان کە شایەنی ئەوەیە خوێندکار لێی بخوێنێ."
ئەو بەشانەی خوێندکاران بڕوانامەیان لێ بەدەست دەهێنن لە زانکۆی کوردستان لە چوارچێوەی 4 سکووڵدایە؛ سکووڵی پزیشکی، سکووڵی زانست و ئەندازیاری، سکووڵی ئابووری و بەڕێوەبردن و سکووڵی زانستە مرۆییەکان.
کیس شارپ، سەرۆکی زانکۆی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، "ئێمە سەرنجمان لەسەر ئەو توانایانەیە کە خوێندکاران بۆ دەستکەوتنی کار پێویستیان پێیەتی، واتە لە پاڵ سەرنجخستنە سەر زانینی بوارەکانیان، دەمانەوێت توانای بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و چارەسەرکردنی کێشەکانیان هەبێت، هەروەها توانای زمانیان هەبێت کە زۆر گرنگە بۆ هەر کەسێک ئەمڕۆ بیەوێت بڕواتە نێو بازاڕی کارەوە. دوای شەش مانگ، لانیکەم 95٪ی دەرچووانمان یان کاریان دەستدەکەوێت، یانیش درێژە بە خوێندن دەدەن."
زانکۆی کوردستان لە ساڵی 2006 لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دامەزراوە و ئێستا نزیکەی 2000 خوێندکار لەو زانکۆیە دەخوێنن.